شارپرێس:
کامەران غەزەنفەری، ئەندامی پەڕلەمانی ئێران، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" هۆشداریدا لەوەی جیهان لە ڕووی کردارییەوە لە لێواری هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانیدایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئاماژەکانی ڕوبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لە گەشەکردندان، بەڵام ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دژی ئێران بە زۆر لاواز دەزانێت.
غەزەنفەری ڕوونی کردۆتەوە کە فراوانبوونی مەودای جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، لەگەڵ پشتیوانیی بەردەوامی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ ئۆکرانیا و توندبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان موسکۆ و وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئاماژەن بۆ ئەگەری تەقینەوەی شەڕ لە وڵاتانی تری ئەوروپاشدا.
هەروەها جەختی لەسەر ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان چین و ئەمریکا سەبارەت بە تایوان کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرەتای زەمینەسازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەی جیهانیی لە ئارادان.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی ئێران بە توندی ڕەخنەی لە لێدوانەکانی خێزانی پەهلەوی، بەتایبەت ڕەزا پەهلەوی، گرتووە لەبارەی لێکەوتەکانی بۆردومانی ئەتۆمی. غەزەنفەری خێزانی پەهلەوی بە "دەستەمۆ و بەکرێگیراوی بێگانە" وەسف کرد و تۆمەتباری کردوون بەوەی هەوڵی ئاساییکردنەوەی بیرۆکەی هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئێران دەدەن تا لە ئەمریکا نزیک ببنەوە.
هەروەک ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ڕەزا پەهلەوی لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و گوتویەتی لایەنگرانی بە هەڵەدا چوون ئەگەر پێیان وابێت بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە دەستکەوتیان بۆ دەستەبەر دەکات.
غەزەنفەری جەختی کردۆتەوە کە ئەمریکا دیدگای ئەوەی نییە هێرشی ئەتۆمی بکات، چونکە وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور پێشتر هۆشدارییان داوە لەوەی وەڵامی هەنگاوی لەو شێوەیە دەدەنەوە. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی دیمیتری مەدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا و هەڕەشەکانی کۆریای باکوور کرد.
سەبارەت بە پرسی ناوخۆیی و بەرنامەی ئەتۆمی، غەزەنفەری ئاشکرای کردووە کە بەشێک لە پەرلەمانتاران لەم دواییانەدا داوای کشانەوەی ئێرانیان لە پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کردووە. بەڵام ڕوونی کردۆتەوە کە دژایەتیکردنی هەندێک لایەن تا ئێستا ڕێگەی لە خستنەڕووی پڕۆژەکە گرتووە، بەوپێیەی لایەنە دژەکان پێیان وابوو ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی تێکدانی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بە ئەگەری دووبارە خستنەڕووی ئەم پڕۆژەیە لە بەرنامەی کاری پەڕلەمانی ئەو وڵاتە کردووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
https://arabic.euronews.com/2026/09/09/signs-of-a-major-confrontation-are-taking-shape-iranian-warning-the-world-is-on-the
