شارپرێس:
دوای وێرانبونی بنکەیەکی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) لەڕیاز بەهۆی هێرشێکی ئێرانییەوەو بەرزبونەوەی ژمارەی کوژراوانی سوپای ئەمریکا بۆ 18 کەس، باسوخواسێکی ناوخۆیی لەناو ناوەندە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی واشنتۆندا دەستی پێکردووە دەربارەی کەمکردنەوەی ئامادەیی هەمیشەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم جەنگەی کە لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە "قبووڵنەکراو و بێ پشتیوانیی" وەسف دەکرێت، بەرپرسانی گەیاندۆتە ئەو بڕوایەی کە هەڵبژاردەی پەرەسەندنی سەربازیی ئامانجەکانیان دەستەبەر ناکات، بۆیە ئیدارەی ترەمپ زیاتر پشتی بە بەرزکردنەوەی گوشاری ئابووریی بەستووە.
گفتوگۆکان ئێستا فۆکەس دەکەنە سەر کەمکردنەوەی ژمارەی سەرباز و بنکەکان لە وڵاتانی کەنداو و گواستنەوەی بارگرانی بەرگریی بۆ هاوپەیمانە هەرێمییەکان. هاوکات، پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) کار لەسەر پاراستنی ئەو هێزانە دەکەن کە دەمێننەوە، لەڕێگەی بەهێزکردنی بنکەکان و بردنی هەندێک دامەزراوەی هەستیار بۆ ژێر زەوی تا لە مەترسیی مووشەک و درۆنەکان بەدوور بن.
ئەوەش دوای ئەوە هات کە هێرشەکانی ئێران زیانی گەورەیان گەیاندە دامەزراوە ئەمریکییەکان لە بەحرێن، قەتەر، سعودیە، کوێت، ئوردن و ئیمارات. لە دیارترین ئاماژەکانیش بۆ ئەم گۆڕانکارییە، ڕاگەیەندراوی ئەدمیراڵ داریل کۆدل بوو کە دووپاتی کردەوە هێزەکانی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا ناگەڕێنەوە بۆ بەحرێن (بارەگای مێژوویی کەشتیگەلی پێنجەم).
لە ئێستادا نزیکەی 50,000 سەربازی ئەمریکی و 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و زیاتر لە 12 تێکشکێنەر لە ناوچەکەدا هەن. بژاردە پێشنیازکراوەکان بریتیین لە هەڵوەشاندنەوەی بنکە هەمیشەیییەکان بۆ هەندێک ئەرکی هەواڵگریی و هێزە تایبەتەکان، بەجۆرێک کە لە خاکی ئەمریکاوە ڕاستەوخۆ بنێردرێن بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی دیاریکراو و پاشان بگەڕێنەوە.
تێچووی ئاوەدانکردنەوەی بنکە وێرانبووەکان کە دەگاتە ملیارەها دۆلار، فاکتەرێکی بڕیاردەرە لەم هاوکێشەیەدا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسان جەخت دەکەنەوە کە ئەم پلانانە هێشتا سەرەتایین و جێبەجێکردنیان بەندە بە کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێران، کە تا ئێستاش واشنتۆن لە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران نزیک نەبۆتەوە.