ئایا کۆمپانیاکان بەئەنقەست وای لێدەکەن.. بۆچی بەتێپەڕبونی کات مۆبایلەکانمان خاودەبنەوە؟

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 986 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تێپەڕبونی (2 بۆ 3) ساڵ بەسەر کڕینی مۆبایلە زیرەکەکان، بەکارهێنەران هەست بەدابەزینی ئاستی خێرایی ئامێرەکانیان دەکەن، ئەمەش لەئەنجامی تێکەڵبونی چەند هۆکارێکی پڕۆگرامییەوە دروستدەبێت،
لەوانە:
1ـ زیادبونی پێداویستیی بەرنامە نوێیەکان: به‌گوێره‌ى تێپەڕبونی کات، بەرنامەکان نوێکردنەوە (Update) وەردەگرن‌و تایبەتمەندیی نوێیان وەک ژیریی دەستکردو ڤیدیۆی کوالێتی بەرز بۆ زیاد دەکرێت، ئەمەش وادەکات قەبارەیان گەورەتربێت‌و پێویستیان بەتوانایەکی زیاتری ڕام‌و پرۆسێسەر هەبێت.

2ـ پڕبونی بیرگەی ناوەکیی: سیستەمی کارپێکردن پێویستی بەڕوبەرێکی بەتاڵ هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسە کاتییەکان‌و بەڕێوەبردنی بیرگەی گریمانەیی، کاتێک بیرگەی مۆبایل بەوێنەو ڤیدیۆو فایلەکان پڕدەبێتەوە، خێرایی کردنەوەی بەرنامەکان بەبەرچاوی کەمدەکاتەوە.

3ـ دابەزینی توانای پاتری: باترییەکانی لیسیۆم بەتێپەڕبونی کات‌و دوبارە شەحنکردنەوە توانا ڕەسەنەکەیان لەدەستدەدەن، لەهەندێک حاڵەتدا (وەک ئەوەی ئاپڵ لەساڵی 2017 دانی پێدانا)، سیستەمی کارپێکردن بۆ ڕێگری لەکوژانەوەی لەناكاوی مۆبایلەکە، بەئەنقەست خێرایی پرۆسێسەر کەمدەکاتەوە.

4ـ ئەپدەیتکردنەوەی سیستەم: نوێکردنەوەی سیستەمی کارپێکردن لەگەڵ ئەوەی بۆ ئاسایش باشە، بەڵام هەندێکجار پەستانێکی زۆر دەخاتەسەر هۆشە کۆنەکان‌و کارکردنیان هێواشدەکاتەوە.

5ـ گەرمبونی ئامێرەکە: کاتێک پلەی گەرمیی مۆبایل بەهۆی یاریی قورس یان وێنەگرتنی درێژخایەن بەرزدەبێتەوە، ئامێرەکە خۆکارانە خێرایی پرۆسێسەر کەمدەکاتەوە بۆ ڕێگریی لەزیانپێگەیشتن.

ئایا کۆمپانیاکان بەئەنقەست مۆبایلەکان خاو دەکەنەوە؟
تۆمەتی لەو جۆرە هەیە، بەڵام لەڕوی تەکنیکییەوە زۆربەی هۆکارەکان پەیوەستن بەبەرزبونەوەی داواکاریی سۆفتوێرو داخورانی پێکهاتە ناوەکییەکانی مۆبایلەکە.

چۆن ئاستی خێرایی مۆبایلەکەت چاک بکەیت؟
ـ سڕینەوەی بەرنامە بەکارنەهاتوەکان‌و پاککردنەوەی فایلە گەورەکان بۆ چۆڵکردنی شوێن.
ـ ڕێستارتکردنی خولیی مۆبایلەکە.
ـ گۆڕینی پاترییەکە لەسەنتەرە ڕێگەپێدراوەکان کە ڕێگەیەکی زۆر کاریگەرە بۆ گەڕاندنەوەی خێرایی ئامێرەکە.