هۆکارەکانی مەترسی و نیشانە دیارەکانی توشبون بەقۆناغی پێش شەکرەو شەکرەی جۆری دوەم

تەندروستی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گلوکۆز جۆرێکە لە شەکر لە خوێندا کە لەو خۆراکانەوە بەدەست دێت کە مرۆڤ دەیانخوات. شانەکانی جەستە گلوکۆز بۆ بەدەستهێنانی وزە بەکاردێنن، بەمەش هۆرمۆنێک بە ناوی "ئینسۆلین" یارمەتی چوونەژوورەوەی گلوکۆز بۆ ناو شانەکان دەدات.

 
بەپێی ماڵپەڕی MedlinePlusی سەر بە پەرتووکخانەی نیشتمانیی پزیشکی لە ئەمریکا، لە حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەدا، جەستە بڕی پێویست ئینسۆلین بەرهەم ناهێنێت یان شانەکان بە شێوەیەکی کارا بەکاری ناهێنن؛ لە ئەنجامدا گلوکۆز ناتوانێت بچێتە ناو شانەکانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستەکەی لە خوێندا.

گلوکۆزی ناو خوێن بە هیمۆگلۆبینەوە دەبەسترێتەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆز لە خوێندا، بڕی ئەو هیمۆگلۆبینەی بە گلوکۆزەوە بەستراوەتەوە زیاد دەکات. تاقیکردنەوەی شەکری سێ مانگی ڕێژەی سەدیی ئەو خڕۆکە سوورانەی خوێن دەپێوێت کە هیمۆگلۆبینی بەستراو بە گلوکۆزیان تێدایە.

تاقیکردنەوەی شەکرەی سێ مانگیی دەتوانێت تێکڕای ئاستی گلوکۆزی کەسێک لە 3 مانگی ڕابردوودا دەربخات، چونکە گلوکۆز بە درێژایی تەمەنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بە بەستراوەیی دەمێنێتەوە.

ئاستە بەرزەکانی شەکرەی سێ مانگیی ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی شەکری خوێن بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە، کە دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستیی جیددی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە، و زیانگەیاندن بە دەمارەکان. بەڵام دەکرێت ئاستی گلوکۆز لە ڕێگەی چارەسەر و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ماڵپەڕی ناوەندەکانی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ڕێنمایی دەکات بە ئەنجامدانی پشکنینی شەکرەی سێمانگیی بۆ دیاریکردنی شەکرە و قۆناغی پێش شەکرە لەم حاڵەتانەدا:

ئەگەر تەمەنی کەسەکە لە 45 ساڵ تێپەڕی بێت: 
ئەگەر ئەنجامەکان ئاسایی بن، پزیشک پێشنیاری دووبارەکردنەوەی دەکات بەپێی هۆکارەکانی مەترسی. 
ئەگەر لە قۆناغی پێش شەکرە بێت، ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک پێویستی بە پشکنین دەبێت. ئەگەر تووشبووی شەکرە بێت، دەبێت لانی کەم ساڵی 2 جار پشکنینی A1C بکات.
ئەگەر تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر بێت و مەترسیی تووشبوونی زیاتر بێت بەهۆی:
 قۆناغی پێش شەکرە، قەڵەوی، بوونی شەکرەی جۆری 2 لە خێزاندا، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن یان کۆلیستڕۆڵ، نەخۆشیی دڵ، کەمبوونی چالاکیی جەستەیی، شەکرەی دووگیانی، و کۆنیشانی بەکیسبوونی هێلکەدان.
هەروەها پشکنینی شەکرەی سێ مانگیی پێویستە ئەگەر ئەم نیشانانە دەربکەون: 
تینوێتیی زۆر، زۆر میزکردن، دابەزینی کێش، برسییەتی، لێڵبوونی بینین، سڕبوونی دەست و پێ، ماندوێتی، وشکبوونی پێست، و هێواش چاکبوونەوەی برینەکان