شارپرێس:
لەکۆبونەوەکانی ڕاڕەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئاماژەکانی قۆناغێکی نوێ لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرکەوتووە، دوای ئەوەی نوێنەرانی هەردوو لایەن بۆ ماوەی 3 کاتژمێر گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان کرد.
لایەنی ئەمریکا بە سەرپەرشتیی ستێڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، و جارێد کوشنەر، راوێژکاری کۆشکی سپی، بەشداریی کرد، لە بەرامبەریشدا شاندی ئێران بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوە عەباس عێراقچی بوو.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، ئەمریکا کۆمەڵێک داواکاریی بنەڕەتی خستۆتە بەردەم ئێران کە تەنها پەیوەندییان بە پرسی ناوەکییەوە نییە، بەڵکوو مەبەستیان گۆڕینی بنەمای ئەمنییەتی ناوچەکەشە.
لە بواری ناوەکیی، واشنتۆن داوای بەکارهێنانی سیستەمی "سفر پیتاندن"ی ئۆرانیۆم دەکات و دەیەوێت بەشێک لە دامەزراوە سەرەکییە ناوەکییەکانی ئێران لە نەتنز، ئیسفەهان و فۆردۆ بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە کار بخەینرێن.
هەروەها، بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەمریکا داوای زیادکردنی چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی سانتریفیوژ، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەشەپێدانی خێرای تواناکانی ناوەکیی ئێران.
لە بواری توانای سەربازیی کلاسیک و هەژموونی ناوچەییەوە، داواکارییەکانی ئەمریکا فراوانتر بوون. سەرچاوەکان باس لە پێشنیاری قەدەغەکردنی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستیکییەکان و درۆنەکانی ئێران بۆ ماوەی 5 ساڵ دەکەن. هەروەها، واشنتۆن خوازیاری سنووردارکردنی ژمارەی مووشەکەکانی ئێران بۆ نزیکەی 1000 دانەیە.
داواکارییەکی تری ئەمریکا پەیوەندیی بە پشتیوانیی دارایی، سەربازیی و لۆجستیکیی ئێران بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە هەیە، بە تایبەتی حیزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و حەماس لە غەزە. واشنتۆن ئەم بابەتە بە بەشێک لە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی شەڕ و پاراستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور و گەرووی هۆرمز دەزانێت.
لە بەرامبەردا، شاندی ئێران سەرنجی سەرەکیی خستۆتە سەر کەمکردنەوەی فشارە ئابووریی و سەربازییەکان. عێراقچی داوای لابردنی بەربەستەکان لەسەر بەندەرەکانی ئێران و دەستگەیشتن بە سەروەت و سامانی بلۆکرراوەکانی وڵاتەکەی لە بانکە نێودەوڵەتییەکان کردووە.
لە بەرامبەر ئەوەش، لایەنی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی تەواوی تەنگەی هۆرمز و دابینکردنی سەلامەتیی هاتوچۆی نەوتهەڵگر و کەشتییە نێودەوڵەتییەکان دەربڕیوە، بە مەرجی ئەوەی ئاسانکارییە دارایی و سیاسییەکان دەست پێ بکەن.
بەپێی هەمان سەرچاوانە، چاوەڕوان دەکرێت هەندێک پایتەختی ناوچەیی لە دانانی ڕێککەوتن و یاداشتنامەکانی تەرخانکراو بە بەرگریی لە سەلامەتیی گەرووی هۆرمزدا ڕۆڵ ببینن، لە کاتێکدا هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی فراوانتر هێشتا وەک هەڵبژاردەیەک لە ئەگەرەکاندا ماوەتەوە.