شارپرێس:
نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ئەمرۆ پێنجشەممە دابەزی، دوای ئەوەی لە دانیشتنەکانی پێشووتر نزیکەی 4% بەرزبووبوونەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕێگای دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی.
نرخی نەوتی برێنت بە 94 سەنت، یان 0.9%، دابەزی و گەیشتە 102.13 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نەوتی خامی ئەمریکا (WTI) بە 59 سەنت، یان 0.7%، کەمبووەوە و گەیشتە 91.56 دۆلار.
بەرپرسیارێکی باڵای ئێرانی ڕایگەیاند کە تاران خەریکی لێکدانەوەی وەڵامی واشنتۆنە بۆ پێشنیارەکانی ئاشتیی، کە لابردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرە ئێرانییەکان و کردنەوەی تەنگەی هۆرموز لەخۆدەگرێت، بەڵام هەردوو لایەن هێشتا لەسەر میکانیزمی کۆتاییهێنان بە جەنگ کۆک نین.
لە لایەکی ترەوە، بە پێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی وزەی ئەمریکا، کۆگای نەوتی خامی ئەو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوودا 3 ملیۆن بەرمیل زیاد بوو و گەیشتە 426.4 ملیۆن بەرمیل.
لە هەمان کاتدا، کۆگای سووتەمەنییەکان دابەزیوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەگەری سنووردارکردنی هەناردەی دیزڵی ئەمریکا.