شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی پێشوی هەڵدەوەشێنێتەوەو بۆ لەمەودوا رێگە دەدات ئەنجومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ کۆمپانیاکانی سنوری دەسەڵاتی بکات و دۆلاریش بەنرخی فەرمی بەدەست بازرگانان بگات.
بەگوێرەی نوسراوێك، بانکی ناوەندی ناوەڕۆکی نوسراوێکی پێشوی خۆی هەڵوەشاندوەتەوە کە لە 8ی تشرینی دوومی 2024 دەریکردبوو، کە بەهۆیەوە بانکی ناوەندی ئەو زانیارییە داراییانەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانی پەسند نەدەکرد، ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغداوە نەکرابوایە.
ئەو وردبینییە بەشێکە لەرێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان سودمەند بن لەکڕینی دۆلار بەنرخی فەرمی بۆ هاوردەکردنی کاڵا.
16ی ئاب هەردوو ئەنجومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینیی ژمێریاریی بەغداو هەولێر لەسەر سنوری دەسەڵاتیان رێککەوتن، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرکام لەم دوو ئەنجومەنە وردبینی بۆ کۆمپانیاکانی سنوری خۆیان دەکەن و وردەکارییەکەی بەنوسراوی فەرمی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەنێرن.