مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەنگاوی زۆر ماوە بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو دەبێت رێكخستنی حزبی پارتی و یەكێتی لەناو پێشمەرگە نەمێنێت
مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی "رووداو" ڕایگەیاند، ئەوەی لەبارەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە كراوە قۆناغی یەكەمە، هەنگاوی زۆرماوە بۆ ئەوەی لەدەستی حزب دەریبهێنیت، چونکە تاوەكو مەڵبەندی رێكسختنی پێشمەرگە هەبێت لەلایەك هی پارتی و لەلایەك هی یەكێتی، ئەمە بۆخۆی هەر لە چوارچێوەی حزبدایە.
بەوتەی جێگری سەرۆکی هەرێم: ئێستا پێشمەرگە هاتووەتە ناو حكومەت بەڵام هەنگاوی تری ماوە، گوێم لە وەزیری پێشەرگە بوو وتی ئابونە وەرناگیرێت لەناو هێزی پێشمەرگە ئەگەر وابێت شتێكی باشە، نابێت مەڵبەندی رێكسختن لەناو پێشمەرگەدا بمێنێت، ناكرێت لەناو هێزی پێشمەرگەدا رێكخستنی سیاسی هەبێت.
مستەفا سەید قادر جەختی لەوەشکردەوە، دەبێت پێشمەرگە بكرێتە هێزێكی كوردستانی، بە مانای ئەوەی بە تەزكییەی حزبی كەس نەكرێتە پێشمەرگە، پێویستە هیچ هێزێك لە دەرەوەی حكومەت نەمێنێت، ئەو هێزانەی لە ململانێ ناوخۆیەكان بەكارهێنراون لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە نین و دەزگای ئەمنین و دەبێت ئەمانیش رێكبخرێنەوە.
