پزشكیان ڕەخنەی توند لەوڵاتانی ئەوروپا دەگرێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتانی ئەوروپی بەپاڵپشتیکردن لەئەمریکا، رۆڵی خۆیان لەڕەوتی ڕوداوەکانی ناوچەکەدا لەدەستداوە. 


مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە لەپەراوێزی 81ـەمین کۆبونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لەنیویۆرک، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوەتەوە.

بەگوێرەی میدیای ئێران، لەکۆبونەوەکەدا مەسعود پزشکیان ئاماژەی بەمیکانزیمی سناپباک کردوەو ڕایگەیاندوە،''هەنگاوەکانی ئەوروپییەکان لەم پرسەو رێککەوتنی ئەتۆمیدا، هەروەها کاریگەریی هەنگاوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا بەسەریانەوە، بوە هۆی ئەوەی لەبازنەی کاریگەری لەپێشهاتە نێودەوڵەتییەکاندا بچنە دەرەوە".

سەرۆک کۆماری ئێران داوای لەیەکێتیی ئەوروپا کرد بەهەڵوێستەکانیان بەرامبەر وڵاتەکەیدا بچنەوە  سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن؛ ''ئێمە لەجەنگی دواییدا لەگەڵ واشنتۆن، لەهەندێک وڵاتی ئەوروپی بێهەڵوێستیمان بینی، بەڵام بێلایەنیمان نەبینی''.

مەسعود پزشکیان پێیوایە، 'دەستوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئاسایشی ناوچەکەو جیهانی خستوەتە ژێر کاریگەرییەوە، ''ئەگەر کەسێک بەدوای هۆکاری رووداوەکانی ئەم دواییەدا دەگەڕێت، دەبێ سەرنج بداتە کردەوەی حکومەتە رۆژئاواییەکان''.

هاوکات میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا لەدیدارەکەدا داوای رۆڵگێڕانی لەپێشهاتەکانی ناوچەکەدا کردوەو پزشکیانیش وەڵامی داوەتەوە، ''ئەوروپییەکان بە شوێنکەوتنی ئەمریکا، خۆیان لەم ڕۆڵگێڕانە بێبەش کرد.''