زەیدیی ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 150 هەزار فەرمانبەر دەدات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی 150 هەزار پلەی وەزیفی لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا، کە بڕیارە تەواوی پرۆسەی پێشکەشکردن و ڕێکخستنی لەرێگەی ئەنجومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵییەوە جێبەجێ بکرێت.


شەیما فەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی فەرمی لەسەر تەرخانکردنی ئەو 150 هەزار پلە وەزیفییە دەربڕیوە، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا دەستپێکردوە بۆ دەرکردنی ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لەبەغداو پارێزگاکان، بەمەبەستی دیاریکردنی پێداویستییە راستەقینەکانیان لەکادێری پەروەردەیی.

ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێکی سەرەکیی ئەم ئامانجە بۆ داپۆشینی کەمیی میلاک لە دامەزراوە پەروەردەیییەکان تەرخان دەکرێت.

هاوكات، عەزیز شەریف میاحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد کە ئاڕاستەی حکومەت و پەرلەمان بەرەو ئەوەیە ئەم دامەزراندنانە هەموویان لەسەر میلاکی هەمیشەیی دەوڵەت بن.

جەختیشی کردەوە کە سپاردنی ئەم دۆسیەیە بە ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی بەهۆی بوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی و پێوەرە روونەکانیەتی کەتێیدا دادپەروەری لەنێوان داواکاراندا دەستەبەر دەکات.

وتیشی، پەرلەمان لەماوەیەکی نزیکدا میوانداریی سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی گشتیی فیدراڵی دەکات بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دۆسیەکە و داڕشتنی ئالیەتێکی دیاریکراو و ئەمن بۆ دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان.