بلومبێرگ: عێراق بەپەلە بەدوای کڕیاردا دەگەڕێت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی

لە میدیاکانەوە

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی (بلومبێرگ)ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکی ئابوریی به‌په‌له‌دا ئاشکرایکردوه‌، کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لەچەند کاتژمێری ڕابردوداو لەکۆتا ساتەکاندا باری نەوتی خاوی خستوەتە بەردەم کڕیاران؛ ئەمەش بەهۆی بەرزبونەوەی بێپێشینەی تێچوی کرێی گواستنەوەی دەریایی (شەحن) بۆ کڕینی نەوت لەقوڵایی ناوچەکانی کەنداوی عەرەبیدا.


ئاژانسەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردوەتەوە، نیشانەکانی زیاتر بەردەستبونی نەوت بۆ کڕین، ئاماژەیە بۆ کشانەوەی بەشێک لەبازرگانان، ئەمەش وای لەکۆمپانیای سۆمۆى عێراقى کردوە کە باری نەوت بۆ بارکردن لەکۆتاییەکانی مانگی ئەیلولدا پێشکەشی لانیکەم دوو کۆمپانیای نێودەوڵەتی بکات، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، ئەگەر عێراق نەتوانێت کڕیار یان پاپۆڕی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی بدۆزێتەوە، ئەم شڵەژانە دەبێتە هۆی دروستبونی گوشاری توند لەسەر دابەزینی نرخەکانی نەوتی خاو، ئەوەش لەکاتێکدادێت کە بازاڕە جیهانییەکان خۆیان شایەتی گرژیی‌و شڵەژانی توند بونەتەوەو تێچوی گواستنەوەش بەخێرایی بەرزبوەتەوە.

به‌گوێره‌ى حیساباتی بلومبێرگ کە پشتبەستن بەداتاکانی "بۆرسەی بەڵتیک" ئەنجامدراون، گواستنەوەی نەوت بەپاپۆڕە زەبەلاحەکان لەدەریای عومانەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، نزیکەی 20 دۆلار تێچوی زیادە دەخاتەسەر نرخی هەر بەرمیلێک نەوت، ئەم تێچوەش یەکسانە بەپێنجیەکی (20٪) بەهای نەوتەکە کە لەئێستادا نرخی هەر بەرمیلێک لەکاتی بارکردندا 100 دۆلاری تێپەڕاندوە، لەکاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە تێچوی گواستنەوەکە بڕێکی زۆر کەم بوه‌.

بەهۆی پێگەی جوگرافیی عێراق کە دورترە لەگەروی هورمز، بەغدا بەراورد بەبەشێک لەدراوسێکانی ڕوبەڕوی کۆسپی زیاتر بوەتەوە لەپرۆسەی شەحنکردنداو بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی زیاتر پشتی بەکۆمپانیا بازرگانییەکان بەستوە بۆ بەبازاڕکردن‌و گواستنەوەی، هاوکات عێراق ناچاربوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیاران، داشکاندنی گەورە لەنرخی نەوتی "بەسڕەی ناوەندیی"و "بەسرەی قورس"دا لەزیادکردنە نوێیەکاندا بکات.

عەلی نزار سەرۆکی کۆمپانیای سۆمۆ، پێشتر لە 20ی ئەیلولدا ڕایگەیاندبوو، کێبڕکێی توندی نێوان دەوڵەتانی کەنداو بۆ فرۆشتنی نەوتەکەیان وایکردوە، بەشێک لەو کۆمپانیاو لایەنانەی پێشتر نەوتی عێراقیان باردەکرد، ڕوو لەدابینکەرانی دیكه‌ بکەن کە داشکاندنی زیاتریان پێشکەشکردوە، ئەمەش وایکردوە بەشێک لەنەوتی عێراق بێ بارکردن بمێنێتەوە.

هەرچەندە ناوی ئەو بازرگانانەی کە پاشەکشه‌یانکردوە ڕاستەوخۆ ئاشکرانەکراوە، بەڵام پێشتر کۆمپانیاکانی وەک Vitol Group، Trafigura Group، TotalEnergiesو کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ADNOC) لەپرۆسەی گواستنەوەی نەوتی عێراقدا لەڕێگەی گەروی هورمزەوە بەشداربون.