شارپرێس:
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکی زۆر هەستیاردا ئاشکرایکردوه، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازە فەرمییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ناوچەکەو سەرلەنوێکردنەوەی گەروی ستراتیژیی هورمز ڕەتکردوەتەوە؛ هاوكات هۆشداریشیداوە کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی خێرای بۆردومانە سەربازییەکان لەئارادایە.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، لایەنی ئێرانی بەفەرمی چاوەڕوانی وەڵامێکی ئەرێنیو ڕەسمی ئیدارەی واشنتۆن بوە بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانەکە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لەکۆبونەوەیەکی ناوخۆییداو بەشێوازێکی ڕانەگەیەندراو بەکارمەندانی کۆشکی سپی ڕاگەیاندوە، گومانی قوڵی هەیە تاران ئامادەبێت داخوازییە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا جێبەجێبکات.
سەرۆکی ئەمریکا لەو دیدارە نافەرمییەدا جەختیکردوەتەوە، پێویستە هێزەکان لەحاڵەتی ئامادەباشیدابن، چونکە بهگوێرهى هەڵسەنگاندنەکان، لەئێستادا ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشو بۆردومانە ئاسمانییە چڕەکان لەناوچەکەدا زۆر زیاتر بوە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، دوێنێ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشنیازێکی پێشکەش بەئەمریکا کردوە بەمەبەستی ڕاگرتنی گرژییەکانو کردنەوەی گەروی هورمز لەماوەی حەوت ڕۆژدا کە دواتر دەستبەجێ گفتوگۆی گشتگیر لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی تاران دەستپێدەکات.
عێراقچی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەنیویۆرک ئاماژەی بەوەکرد، تاران چاوەڕێی وەڵامی واشنتۆنەو ئامادەیە دەستبەجێ دوای ڕەزامەندیی ئەمریکا، نەخشەڕێگاکە جێبەجێبکات.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، مەرجەکانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بریتین لە:
1ـ ڕاگرتنی تەواوی ئۆپەراسیۆنو گرژییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەلوبنان، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ.
2ـ ئازادکردنی لانیکەم 12 ملیار دۆلار لەسەرمایە سڕکراوەکانی ئێران.
3ـ هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران.
4ـ کۆتاییهێنان بەگەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران.