شارپرێس:
عەبدولمەلیک حوسی ڕێبەری کۆمەڵەی حوسییەکانی یەمەن،
لەسێیەمین ساڵیادی هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) کە لەژێر ناوی پڕۆسەی
(باهۆزی ئەقسا)دا لەناوخۆی ئیسرائیلدا ئەنجامدرا، وتارێکی پێشکەشکردو تێیدا ڕەخنەی
توندی لەبێدەنگیی زۆربەی وڵاتان گرت، هاوكات چوار لایەنیش دەستنیشاندەکات کە دوای
پڕۆسەكه پاڵپشتیی فەڵەستینییەکانیان کردوە.
ڕێبهرى حوسیهكان لەوتارەکەیدا کە لەلایەن کەناڵی
ئاسمانیی (ئەلمەسیرە)وە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند، "پێویستە لەسەر دەرئەنجامەکانی
پڕۆسەی باهۆزی ئەقسا بوەستین تا دۆخی گەلەکەمان هەڵسەنگێنینو بەرپرسیارێتیی گەورەی
هەموان بەرامبەر بەدۆزی فەڵەستینو هەڵوێستوەرگرتن دژ بەدوژمنی ئیسرائیلی بیربهێنینەوە".
ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا وتی، "کاتێک دێینەسەر
هەڵسەنگاندنی پڕۆسەکە، دەبینین کە گەورەترین داستانە لەخەباتی گەلی فەڵەستیندا؛
هاوكات ئەمریکا، بەریتانیاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ دوای باهۆزی ئەقسا بۆ ڕزگارکردنی
ئیسرائیل هاتنە ناو مەیدانەکەوە، چونکە هەستیان بەقورساییو کاریگەریی قورسی پڕۆسەکە
کردبوو کە شڵەژانێکی توندی لەناو ڕیزەکانی دوژمندا دروستکردبوو".
ڕێبەری حوسییەکان ئهوهشى وت، "ئەم پڕۆسەیە
دەرفەتێکی گەورەی بۆ گەلەکەمان ڕەخساندو ئاسۆیەکی نوێی لەمەیدانەکەدا کردەوە، تا وەک
ئەرکێکی مرۆییو نیشتمانی پاڵپشتی لەگەلی فەڵەستین بکرێت؛ بەڵام ئەوەی بینرا ئەوەبوو
کە ڕۆژئاواییەکان بەتەواوی توانایانەوە هاوکاریی داگیرکەریان کرد، لەکاتێکدا زۆربەی
وڵاتانی دیكه خەڵکی فەڵەستینیان بەتەنها جێهێشت".
حوسی لەوتارەکەیدا بانگەشەی ئەوەیکرد، "تەنها
چوار لایەن بەدەم هاواری گەلی فەڵەستینەوە چون کە بریتین لەبەرەی نیشتمانی لەلوبنان
(حزبوڵڵا)، کۆماری ئیسلامیی ئێران، گروپە چەکدارەکانی عێراقو بەرەی پاڵپشتیی یەمەن"،
لەکاتێکدا بەوتەی ئەو، دۆخی باو لەناو وڵاتانی دیكهدا تەنها فەرامۆشکردنو بێدەنگی
بوو، ئەو پێیوابوو، گەلانی ناوچەکە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان بۆ پاڵپشتیی فەڵەستین لەدەستدا،
چونکە ئەم پڕۆسەیە وەرچەرخانێکی گەورەبوو لەمێژوی ململانێکاندا.
لەبەیانیی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی
سەر بەبزوتنەوەی حەماس هێرشیانکردەسەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوری
کەرتی غەززە، کە بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان بوە هۆی کوژرانی زیاتر لەههزارو
200و دیلگرتنی 251 کەسی دیكه كه گوازرانهوه بۆ ناو غەززە.
