شارپرێس:
حکومەتی ئەمریکا ئاستی ئامادەباشیی ئەمنیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرزترین قۆناغ بەرزکردەوەو بڕیاری کەمکردنەوەی خێرای ژمارەی کارمەندانی لەشەش باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەی سەرەکیی ناوچەکەدا دەرکرد، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی فەرمیی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، ئەم هەنگاوە نائاساییەی واشنتۆن دوای گەیشتنی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان دێت سەبارەت بەهەڵکشانی هەڕەشە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاست.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەزاری بەرپرسانی باڵای واشنتۆنەوە ئاشکرایکردوە، سیستەمێکی توندو تایبەت بەناوی (کارکردنی سنوردار) لەنێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکادا جێبەجێدەکرێت لهههریهك لهوڵاتانى (ئوردن، لوبنان، قەتەر، ئیمارات، بەحرەینو کوەیت).
بەرپرسە ئەمریکییەکان جەختیانکردوەتەوە، ئەم ڕێکارە نوێیە تەنها بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغیو پاراستنی گیانی کارمەندە ناپێویستەکانە، بەبێئەوەی دەرگای باڵەخانەو دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەو شەش دەوڵەتەدا بەتەواوی دابخرێن.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی پێنتاگۆنو کۆشکی سپی ئاماژە بەوەدەکات، هەڕەشەکانی ئێران بۆسەر ئەمریکییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار کە هاوشێوەی نەبوە لەدوای دەستپێکردنی جەنگ لەمانگی شوباتی ڕابردوەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا پێیانوایە کە توانای ڕاستەوخۆی تاران بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی یان تەقینەوە لەناو ناوخۆی خاکی ئەمریکادا هێشتا سنوردارو لەژێر کۆنترۆڵدایە.
دۆسیە هەواڵگرییەکان ئاشکرایدەکەن، مەترسییەکە تەنها لەسنوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەماوهتهوه، بەڵکو دەسەڵاتدارانی واشنتۆن زانیاریی وردیان لەبەردەستدایە کە کەسانی سەر بەئێران لەناوخۆی ئەمریکادا جێگیربون، هاوكات نیگەرانیی قورس هەیە لەبونی پلانێکی ڕێکخراوی ئێرانی بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییو هاوڵاتیانی ئەمریکی لەناوجەرگەی وڵاتانی ئەوروپادا.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی خولیو بەردەوام ڕاپۆرتی پێشوەختی هەواڵگریی فەرمی پێدەگات تا چاودێریی ئەم پێشهاتە ئەمنییە گەورانە بکات کە سنور ناناسن.
