شارپرێس:
میدیاکانی کۆریای باشور ڕایانگەیاند، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور سەردانی چینی کردوە، ئاژانسی هەواڵی "یۆنهاب"ی کۆریای باشور ئاماژەی بەوەکردوە، کیم جۆنگ ئون، لەڕێگەی پردێکی تازە کراوەوەی نێوان هەردوو وڵات، گەیشتوەتە شاری داندۆنگی سەر سنوری چین.
ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە کە ناوی ئاشکرانەکردوە، گواستویەتییەوە، "کیم بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی پردی نوێی ڕوباری یالۆوە گەیشتوەتە شاری داندۆنگ".
بهگوێرهى زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەو پردەی کە شاری "سینۆیگۆ"ی سەر سنوری کۆریای باکور بەشاری "داندۆنگ"ی چینەوە دەبەستێتەوە، سەرەتای ئەم مانگە و دوای تێپەڕبونی 12 ساڵ بەسەر تەواوبونیدا کراوەتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکە کە گرنگیی پردەکە لەبەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان پیۆنگیانگو پەکین دەردەخات.
بونیادنانی پردەکە کە لەچوار هێڵی هاتوچۆ پێکدێتو درێژییەکەی دەگاتە 3.026 مەتر، لەساڵی ٢٠١٤دا بەوەبەرهێنانێکی چینی کە بڕەکەی نزیکەی 310 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، تەواو ببوو.
ئەم گەشتەش نزیکەی دوو ڕۆژ دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی کۆریای باکور دێت کە تێیدا هاتبوو شی جینپینگ سەرۆکی چین دوبارە پابەندبونی وڵاتەکەی بەبەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکور دووپاتکردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، هەردوو وڵات لەمێژەوەو نەوە دوای نەوە، پاڵپشتیی یەکتریان کردوە.
بهگوێرهى میدیاکانی کۆریای باکور، شی، ئەم لێدوانانەی لەوەڵامێکدا پێشکەشکردوە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بۆ کیم جۆنگ ئونی ناردبوو، وەک وەڵامێک بۆ ئەو نامەی پیرۆزباییەی کە کیم لەیەکی تشرینی یەکەمدا بەبۆنەی 77مین ساڵیادی دامەزراندنی چینەوە ناردبویو تێیدا بەڵێنیدابوو، بەردەوامبێت لەپەرەپێدانی دۆستایەتییە دێرینەکەیانو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکور بڵاویکردوەتەوە، شی ئاماژەی بەوەکردوە، هەردوو وڵات لەڕوی جوگرافییەوە بەستراونەتەوەو جەختی لەوەکردوەتەوە، دۆستایەتیو چارەنوسی هاوبەشی نێوانیان، هەمیشە خەسڵەتێکی دیاری پەیوەندییە دوقۆڵییەکان بوە.
بهگوێرهى ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کە تەنها بەزمانی کۆری بڵاویکردوەتەوە، شی وتویهتى، "چین ئامادەیە لەگەڵ کۆریای باکور کاربکات بۆ بەهێزکردنی دۆستایەتییە دێرینەکەی نێوان هەردوو وڵات، چەسپاندنی متمانەی سیاسیی هاوبەش، فراوانکردنی هاوکارییە کردارییەکانو پاراستنی پەیوەندییو هاوئاهەنگییە ننزیکەکان".
