ماسک: دەستەبژێری ئۆکرانیا لەسەر حسابی خوێنی خەڵکی ئاسایی دەوڵەمەند دەبن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێلون ماسک، خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس و کۆمپانیای سپەیس ئێکس، لە پۆستێکیدا دەستەبژێری ئۆکرانیای تۆمەتبار کردووە بەوەی لەو سەدان ملیار دۆلارەی وەک هاوکاریی بۆ وڵاتەکەیان دەنێردرێت دەوڵەمەند دەبن، لە کاتێکدا منداڵی خەڵکی ئاسایی لە خەندەکەکاندا دەمرن.

ماسک ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەشێک لەو پارەی باجدەرەدەرانی ئەمریکی لە ڕێگەی ئامرازی جیاوازەوە دەگەڕێتەوە بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتە سیاسییەکان لە ئەمریکا، کە ئەمەش هۆکاری گرنگیدانی بەشێک لە سیاسەتمەدارانە بە ئۆکرانیا زیاتر لە ئەمریکا.

ئەم لێدوانانەی ماسک لە کاتێکدایە کە ناکۆکیی لەبارەی کۆتوبەندەکانی سەر خزمەتگوزاریی سەربازیی ستارلینک (ناسراو بە ستارشێلد) لە ئۆکرانیا سەری هەڵداوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ماسک دەستگەیشتنی ئۆکرانیای بە خزمەتگوزارییەکە بۆ گەڕاندۆتەوە، بێ ئەوەی باسی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بکات؛ لە کاتێکدا ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ باسی لەوە کردووە کە ترامپ داوای لە ماسک کردووە کۆتوبەندەکانهەڵبگرێت.

لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە خێرایی سیستەمی ستارلینک هێشتا وەک پێویست نەبووەوە و هیوای خواست لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆببێتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیایش جەختیان کردەوە کە کۆتوبەندەکان هێشتا هەر ماون.

دەبێت ئاماژە بەوەبکرێت کە ئۆکرانیا بۆ پەیوەندییە مەیدانییەکان و بەڕێوەبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زۆر پشت بە ستارلینک دەبەستێت، و پەیوەندییەکانی نێوان زێلینسکی و واشنتۆنیش بەهۆی کێشە سیاسییەکان و بڕیارەکانی تری ترامپەوە بەرەو گرژیی زیاتر ڕۆیشتوون.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی