لەبارەی گواستنەوەی ناوچەی توەسپی بۆ سەر سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕونکردنەوە دەدرێت

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4086 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس؛

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، کە لە ئێستادا ئامادەکارییە یاسایی و تەکنیکییەکان بۆ گواستنەوەی ناوچەی توەسپی بۆسەر سەرۆکایەتییەکە کراون و چاوەڕوانی وەڵام و پەسەندکردنی کۆتایین لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.


سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکشەممە، ڕێکەوتی 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کۆبونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیدار و لێپرسراوانی بەشە پەیوەندیدارەکانی شارەوانی ئەنجامدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە گواستنەوەی سنوری ناوچەی (تووەسپی) بۆ سەر سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی".

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە لە ئێستادا ئامادەکارییە یاسایی و تەکنیکییەکان کراون و چاوەڕوانی وەڵام و پەسەندکردنی کۆتایین لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.

شارەوانی سلێمانی جەخت لە خێراکردنی پرۆسەی ناردنی روپێوی و مەسحی شارەوانیی ناوچەکە دەکاتەوە، تاوەکو تەواوی ڕێکارە ئیداری و یاساییەکانی بەپەلە کۆتاییان پێ بهێنرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە، سەرۆکی شارەوانی جەختی لەوە کردەوە کە پاش گەڕانەوەی وەڵام و پەسەندییەکان، پێویستە سەرجەم کار و ئەرکەکان بە خێرایی جێبەجێ بكرێن، بە مەبەستی خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.