شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی
هەرێم پێشبینی دەکات لەرۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین روو
لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات و تاکو رۆژی شەممە بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی
و بومەلەرزەزانی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەهۆی نزمە
پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەکەمان، لەکاتەکانی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 29-10-2026
ناوچەکەمان دەکەویتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا
دەبێت " .
ئەوەشیخستەڕوو،" کاریگەری ئەم شەپۆلە تاکو ڕۆژی شەممە،
ڕێکەوتی 31-10-2026 لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت، لەم ماوەیەدا بارانبارین بەشێوەی
بارانی مامناوەند و هەندێ کات لێزمەباران و هەورە تریشقەش دەبێت".
کەشناسی هەرێم دەشڵێت،" لەگەڵ دەستپێکردنی کاریگەری
نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوریش درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان،
پلەکانی گەرما بە نزیکەی (3-5) پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە، خێرای با بۆ ڕۆژی هەینی
زیاد دەکات بۆ سەروی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ".
بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژی شەممە 31-10-2026 شەپۆڵی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان کۆتای دێت .
بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆڵەدا
بەمشێوەیە دەبێی:
-سەنتەری پارێزگاکان لە سەروی 12 ملم دەبێت
-سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکانی (ڕانیە زاخۆ سۆران) سەروی 15 ملم دەبێت
-سەنتەری ئبدارەی گەرمیان لە سەروی 8 ملم دەبێت
-ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنورییەکان سەروی 20 ملم دەبێت .
-هەندێ کات ئەگەری بەرزبونەوەی ئاستی ئاو هەیە لەکاتی
بارانبارینی بە لێزمە .
