لەسەر
بەشداریکردنی پەرلەمانتارەکەی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی
پەرلەمان، حزبی شیوعی کوردستان رەخنەی توند لە سۆسیال دیموکرات دەگرێت و دەڵێت،"
پەرلەمانتارەکەیان لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ ئێمە و حزبی زەحمەتکێشان
بوەتە پەرلەمانتار و دەبوو لەسەر ئەو پرسە راوێژمان پێ بکەن ".
مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئێمە لایەنگری بەگەرخستنەوەی پەرلەمانین
بە بەشداری هەموو حزب و فراکسیۆنە سەرکەوتوەکان، بەشێوەیەک کە ڕێز بۆ ئیرادەی گەل
و دەنگی دەنگدەران دابنرێت و ئەرکە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بخرێنە سەروی
بەرژەوەندی حزبی و کەسییەوە ".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا حزبی شیوعی باسیکردوە،
کورسییەکەی بازنەی سلێمانی بەناوی “هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان” بەدەستهاتوە، کە
هاوپەیمانییەکی فەرمییە لەنێوان حزبی شیوعی، حزبی زەحمەتکێشان و پارتی سۆسیال
دیموکرات نەک بەناوی حزبێکی دیاریکراوەوە.
حزبی شیوعی دەشڵێت،" ڕاستە بەپێی
ڕیزبەندی دەنگەکان براوەی کورسییەکە بۆ کاندیدایەکی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
بوو، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە بەفەرمی لای دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ناسراوە نەک
بەناوی حزبێکی دیاریکراوەوە و پێویست بوو بۆ بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن، هەرسێ
لایەن ڕاوێژ بکەن و دواتر بڕیاربدەن".
