لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەبەقاچاخبردنی نەوت گەیشتە کەرکوک

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمرۆ دووشەممە، بە ڕێنمایی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەت گەیشتۆتە پارێزگای کەرکووک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت.

 
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئەمنیی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک پێشوازیی لە لیژنەکە کردووە و لیژنەکەش دەست بە پشکنینی زانیاریی و دۆسیە پەیوەندیدارەکان و گوێگرتن لە بەرپرسانی ئەمنیی و چاودێرییەکان دەکات.

لیژنەکە هەروەک زانیاریی و بەڵگەکان کۆدەکاتەوە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی ماوەی ڕابردوو دەکات، پاشان ئەنجام و پێشنیارەکانی بۆ لایەنە باڵاکان ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرانبەر هەر لایەنێکی تێوەگلاو بگیرێتەبەر.

هاتنی لیژنەکە دوای ئەوەیە کە عەلی فالح زەیدی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جەرفولسەخەر وەرگرتووە؛ ڕاپۆرتەکە بوونی قاچاخ و دامەزراوەی پاڵاوتنی نەوتی لە ناوچەکە پشتڕاست کردۆتەوە.

زەیدیش بڕیاری ناردنی تۆمەتباران بۆ دادگا و دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی، سەربازی و کارگێڕی لە پارێزگای بابل، لەوانە فەرماندەی پۆلیس و بەرپرسانی هەواڵگریی و ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزە و کۆمپانیای هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، دەرکردووە.