شارپرێس:
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی لەوڵاتەکەدا داو ماوەی 30 رۆژیش دەداتە کۆمپانیای بەڕێوەبەر بۆ رێکخستنەوەی دۆخی یاسایی خۆی.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەپشتبەستن بەدەسەڵاتە پێدراوەکانی فەرمانی یاسادانانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004، هەموارکراو بەفەرمانی ژمارە 100، بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامیان لە عێراق داوە، ئەمەش بەهۆی پابەندنەبونی کۆمپانیای بەڕێوەبەری پلاتفۆرمەکە بەپێداویستییە یاسایی و رێکخستنە کارپێکراوەکان.
دەستەکە ڕونیشی کردەوە، کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام رێکاری پێویستی بۆ چارەسەرکردنی ناوەڕۆکە نایاساییەکانی سەر پلاتفۆرمەکە نەگرتوەتە بەرو پابەندی یاساکانی عێراق نەبووە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەم رێکاری رێکخستنەی بەرانبەر بگیرێتە بەر و ماوەی 30 رۆژی پێ بدرێت تا دۆخی یاسایی خۆی رێک بخاتەوە.
لەڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم بڕیارە لەچوارچێوەی بەرپرسیارێتیی رێکخستنی دەستەکەدایە بۆ سنوردارکردنی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەبڵاوکردنەوەی وتاری توندڕەوی، هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی، توندوتیژی و رقوکینە، جگە لەبەکارهێنانیان لە ئەنجامدانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی.
دەستەكە جەختی کردەوە، ئامانج لەداخستنی تێلێگرام ناچارکردنی کۆمپانیاکەیە بەپێداچونەوە بەناوەڕۆکی عێراقیی بڵاوکراوە لەئەپڵیکەیشنەکەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لەسەرپێچییەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ دەستەکەدا بەگوێرەی چوارچێوە یاساییە پەسەندکراوەکان.
ئەوەشی خستەروو، پابەندبونی کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکان بەیاسا عێراقییەکان بنەمایەکە بۆ بەردەوامبوون لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان لەوڵاتدا، هاوکات پاراستنی کۆمەڵگە و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی کاری لەپێشینەن لەرێکخستنی کاری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا.
