شێ جینپینگ، ترەمپ و پوتن لەیەکەم کۆبونەوەی سێقۆڵییاندا گفتوگۆ لەسەر ئاشتی جیهانی دەکەن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حکومەتی چین ئەمرۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە شێ جینپینگ، سەرۆکی چین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەم هەفتەیەدا لە یەکەم کۆبوونەوەی سێقۆڵییاندا، گفتوگۆ لەسەر ئاشتیی جیهانیی دەکەن.

ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڕایگەیاند کە سەرۆکانی سێ وڵات پێنجشەممە لە شاری شێنژن کۆدەبنەوە و گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر پاراستنی ئاشتیی جیهانیی و بەهێزکردنی سەقامگیریی ستراتیژیی لە پەیوەندیی نێوان هێزە گەورەکان ئەنجام دەدەن، هەروەک ئەو کۆبوونەوەیەی بە مێژوویی وەسف کرد.

کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی سەرانی فۆڕمی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و پاسیفیک (ئەپێک) ئەنجام دەدرێت. کرێملین و کۆشکی سپیی پێشتر ئەنجامدانی ئەم دیدارەیان پشتڕاست کردۆتەوە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکی، ترەمپ دەیەوێت لەسەر کەمکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمییەکان و شەڕی ئێران گفتوگۆ بکات، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت باسی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات. چینیش پێداگریی دەکات کە ئەمریکا و ڕووسیا سەرەتا چەکە ئەتۆمییە زەبەلاحەکانیان کەم بکەنەوە، پێش ئەوەی پەیوەندیی بە گفتوگۆکانی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمییەوە بکات.

ترەمپ پێش گەیشتن بە چین، لە فلیپین لەگەڵ سەرانی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە مانیلا ڕێککەوتنێکی بازرگانیی لەگەڵ تایلەند واژۆ بکات.