شارپرێس:
لەکاتێکدا سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا گەیشتوەتە ناوچەکە، ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەتەلئەبیب لەگەڵ سوپاسالارو سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل کۆبوەوە؛ کۆبونەوەکە تایبەتبوو بەتاووتوێکردنی ئامادەباشیی هەردوو سوپا بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران، هاوکات لەگەڵ هەوڵە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ ڕازیکردنی ئیدارەی ترەمپ بەوەشاندنی گورزی سەربازیی هاوبەش لەتاران.
کۆبونەوەی کوپەر، زامیرو گۆفمان، تاووتوێی ئامادەباشیی سوپای ئەمریکاو ئیسرائیل دەکات بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران، لەسایەی زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ هاندانی واشنتۆن بەرەو نوێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر تاران.
بهبڕواى چاودێران، سەردانەکەی ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ ئیسرائیل لەمکاتەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ ئێرانو هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕازیکردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەدەستپێکردنەوەی هێرشەکان، هاوشان لەگەڵ بەهێزکردنی بونی سەربازیی ئەمریکا لەناوچەکەو بەردەوامیی فشارەکان بۆسەر تاران.
سەرچاوە سەربازییەکان وتویانه، "کوپەر لەبارەگای وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل (کریا) لەتەلئەبیب لەگەڵ هەریەک لەئەیال زامیر سوپاسالاری ئیسرائیل، شلۆمی بیندەر سەرۆکی هەواڵگریی سەربازیی، ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆساد، لەپاڵ ژمارەیەک لەئەفسەرە باڵاکانی دەستەی ئەرکان کۆبوەتەوە".
كهناڵى حوڕهى ئهمریكى ئاشكرایكردوه، کۆبونەوەکە تاووتوێی پێشهاتە ئەمنییەکانو ئاستی ئامادەباشیی هەردوو سوپای ئەمریکاو ئیسرائیلی کردوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەگەر پێشهاتەکان ئەوە بخوازن.
لەڕاگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیلدا هاتوە کە فەرماندەکان لەکۆبونەوەکەدا باسیان لەپێشهاتە هەرێمییەکانو ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان کردوە، سەرەڕای گرنگیی قوڵکردنەوەی هاوکاریی ستراتیژییو مەیدانیی نێوان هەردوو سوپا، بەهێزکردنی هەماهەنگیو بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک سیناریۆی ئەگەریدا.
لهلایهكى دیكهوه ڕۆژنامەی (جیرۆزالیم پۆست)یش بڵاویکردوهتهوه، کۆبونەوەکە هەڵسەنگاندنێکی ئەمنیی هەرێمیی لەخۆگرتوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی تیشکیخستوەتەسەر هەڕەشەکانی ئێران.
سەبارەت بەئامانجەکانی دیدارەکەش، بەرپرسێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، فەرماندەییەکە خشتەی جوڵەی بەرپرسە باڵاکانی تاووتوێناکات بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان، بەبێئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو؛ پێشتریش کوپەر لەمانگی ئابی ڕابردودا سەردانی ئیسرائیلی کردبوو.
بلەیک جۆنسۆن بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەپەیمانگهی یەهودا بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا (JINSA) پێیوایە، دوبارەبونەوەی سەردانەکەی کوپەر ئاماژەیە بۆ ئەو ئاستە بەرزەی لێکنزیکبونەوەو هاوکارییەی نێوان سوپای ئەمریکاو ئیسرائیل.
هاوکات برادلی بۆمان بەڕێوەبەری باڵای سەنتەری هێزی سەربازییو سیاسیی لەدامەزراوەی بەرگریی لەدیموکراسییەکان پێیوایە، هاوکاریی ئەمنیو سەربازیی نێوان واشنتۆنو ئیسرائیل لەهەموو کاتێک قوڵتر بوەتەوە، بەتایبەت دوای ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران کە تێیدا هەماهەنگییەکی ناوازە لەنێوان هەردوو سوپادا بینرا.
برادلى بۆمان ئهوهشى وتوه، "بەهێزکردنی تواناکانی سوپای ئیسرائیل لەبەرژەوەندیی ئەمریکادایە، چونکە واشنتۆن ئەگەر بیەوێت بارگرانییە ئەمنییەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە، پێویستی بەهاوبەشێکە بتوانێت بەشێکی گەورەتری ئەو ئەرکە هەڵبگرێتو ئیسرائیلیش هاوبەشێکی زۆر بەتوانایە لەو بوارەدا".
ئەم سەردانە لەنێو جموجۆڵەکانی ئیسرائیلدا دێت لەسەر هەردوو ئاستی سەربازییو هەواڵگریی بۆ هاندانی واشنتۆن بەرەو دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران.
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە کە ڕۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن لە13ی تشرینی دوەم، داوای ئەنجامدانی هێرشی هاوبەشی ئەمریکیو ئیسرائیلی کردوە بۆسەر ئێرانو لەگەڵ جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری (CIA)و ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا کۆبوەتەوە.
جۆنسۆن گرنگیی سەردانەکەی کوپەر دەبەستێتەوە بەم جوڵانەوە، لەپاڵ پێشهاتەکانی دیکەی وەک زیادبونی هێرشەکانی ئێران بۆسەر کەشتیوانی لەگەروی هورمزو ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەپیلانی ئێران دەکەن بۆ کردنە ئامانجی بەرپرسانی ئەمریکا یان بەکارهێنانی چەکی کیمیاییو بۆمبی تیشکدەر.
لەهەمان چوارچێوەدا، ئیلی کۆهین وەزیری وزەو ژێرخانو ئەندامی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمریکا، ئیسرائیلو وڵاتانی ناوچەکە ناچارن دژی تاران بجوڵێنەوە ئەگەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێبکاتەوەو هۆشداریدا کە ڕژێمی ئێران لەهەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامدەبێت ئەگەر نەگۆڕێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەنۆى ئهم مانگهدا ڕایگەیاندبوو، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر، پێی باش بوە وەشاندنی گورزی نوێ لەئێران دوابخات بۆ ئەوەی ناوچەکە نەخزێتەوە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی فراوان؛ «ڕۆیتەرز»ـیش لەزاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردوه، سەرکردەکانی کەنداو داوایان لێکردوە هێرشنەکاتەسەر ئێران لەترسی تۆڵەسەندنەوەی تاران لەوڵاتانی ناوچەکە.
لەخوێندنەوەی واتاکانی سەردانەکەدا، ڕافائیل کۆهین بەڕێوەبەری بەرنامەی ستراتیژییو عەقیدەی سەربازیی لەدامەزراوەی (ڕاند)و کۆبی میخائیل توێژەری ئیسرائیلی هاوڕان لەسەرئەوەی، سەردانەکە درێژەپێدەری پەیوەندییە بەردەوامەکانە، بەڵام کۆهین جەختدەکاتەوە، گرنگییەکەی لەوەدایە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی چەند هەفتەی ڕابردوو، لەوانە هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکەکانی کەنداو، کردنەئامانجی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەگەروی هورمزو هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دورگەی قشم.
لە13ی ئهم مانگهشدا، کێرت ڕینشاو فەرماندەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کردو لەگەڵ فەرماندەی هێزی دەریایی ئیسرائیل ئەیال هارێل کۆبوەوە، هاوکات کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Theodore Roosevelt) گەیشتە ناوچەی فەرماندەیی سێنتکۆمو چوە پاڵ دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری دیکەی ئەمریکی، ههروهك ئاژانسهكانیش وهك ئامادهكاریى بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە فراوانەکان ناوی دهبهن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەرپەرشتیی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران دەکات کە لە13ی نیسانى ئهمساڵ دەستیپێکردو دوای هەڵپەساردنێکی کاتی لەحوزەیراندا، لە14ى تەمموز دوای شکستی دانوستانەکان دەستیپێکردەوە، ڕۆژی سێشەممەش ئەمریکا پێگەیەکی موشەکیی سوپای پاسدارانی لەدورگەی قشم بۆردومانکرد، پێشئەوەی کوەیتو بەحرەین بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران ڕابگەیەنن.
بهگوێرهى ئاژانسى ڕۆیتەرز، هەڵوێستی ترەمپ لەنێوان هەڕەشەی هێرشی نوێو کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لەهەڵبەزو دابەزدایە، بەبێ یەکلاکردنەوەی کۆتایی بۆ چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی لەشوباتی ڕابردوەوە دەستیپێکردوە.
کۆبی میخائیل توێژەری ئیسرائیلی بەدورینازانێت کە ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بڕیاربدات بەشداریی لەڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێدا نەکات، ئیسرائیل ناچاربێت بەتەنها هێرش بکات، هەرچەندە هۆشداریدەدات کە ئەوە زۆر ئاڵۆزترو تێچوەکەی قورستر دەبێت.
بۆمان ئەگەری نوێبونەوەی شەڕ بەدور نازانێتو ئاماژە بەوەدەکات، پشتیوانییەکانی چینو ڕوسیا توانای خۆڕاگرییو هێزی سەربازیی ئێرانیان بەرزکردوەتەوە، کۆهینیش هۆشداریدەدات کە هەر هێرشێکی ئێران بۆسەر خاکی ئەمریکا یان زیادبونی هێرشەکان بۆسەر هێزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە، ئیدارەی ترەمپ ناچاردەکات بژاردەی سەربازیی وەک تاکە ڕێگهی ناچاریی هەڵبژێرێت.
