شارپرێس:
ئەڵقەیەکی ئەڵماسیی داف گۆردۆن، یەکێک لە ڕزگاربووانی ڕووداوی نوقومبوونی کەشتیی "تایتانیک" لە ساڵی 1912، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە شاری دێڤایزی پارێزگای ویلشایر لە بەریتانیا، بە نزیکەی 196 هەزار دۆلار فرۆشرا.
داف گۆردۆن ئەم ئەڵقەیەی لە پەنجەدا بوو کاتێک کەشتیی "تایتانیک" لە گەشتی یەکەمیدا، لە نیسانی ساڵی 1912، بەر چیایەکی سەهۆڵین کەوت. ئەم ئەڵقەیە تاکە پارچەیەکی بەهای خشڵەکانی بوو کە لە ڕووداوەکە ڕزگاری بووبوو. خێزانەکەی دواتر ناوی "ئەڵقەی تایتانیک"یان لێنا و گریمان دەکرێت ئەڵقەی دەستگیراندارییەکەی بووبێت.
ئەڵقەکە دواتر گەیشتە دەستی نەوەکەی، جۆن، ئێرڵی سێیەمی هالزبەری، و تا کاتی فرۆشتنەکە لەلایەن خێزانەکەیەوە پارێزرابوو.
لە هەمان ئەو زیادکردنە ئاشکرایەدا، بلیتێکی تایبەت بە بینینی کەشتیی "تایتانیک" پێش بەڕێکەوتنی لە بەندەری ساوسهامپتۆن بە 52 هەزار دۆلار فرۆشرا. بلیتەکە هی دایکی ویلیام دیبدن بوو کە لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستدا.
هەروەک کارتێکی پۆستیش کە جاک فلیپس، بەرپرسی پەیوەندییە بێتەلەکانی کەشتییەکە، چەند ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە بۆ خوشکەکەی ناردبووی، بە 42 هەزار دۆلار فرۆشرا. فلیپس لە کاتی نوقومبوونی کەشتییەکەدا بەردەوام بوو لە ناردنی پەیامی داوای یارمەتیی بۆ ڕزگارکردنی سەرنشینان.