ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکایەتیی تورکیا: پرۆسەی ئاشتیی بەبێ ئۆجەلان پێش ناکەوێت

جیهان

12 خولەک پێش ئێستا‌ 31 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەممەد ئۆچوم، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی تورکیا و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسەتە یاساییەکانی سەرۆکایەتیی، دەڵێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ڕۆڵێکی ناوەندیی لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی و ئاشتەواییی کوردی لە تورکیا دەگێڕێت و ئەو پرۆسەیە بەبێ بەشداریی ئۆجەلان پێش ناکەوێت.

 
ئۆچوم لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بۆ بەهێزکردنی ئاشتیی نیشتمانیی"، جەختی کردۆتەوە کە پرۆسەی گواستنەوە بۆ تورکیای بێ تیرۆر بەردەوامە و پێشبینی دەکات بەردەوامیش بێت.

ناوبراو لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لەوە گرتووە کە بارودۆخی ئۆجەلان بەردەوام لە پێشەوەی گفتوگۆکاندا بێت و بابەتەکانی دیکەی پەیوەست بە پرۆسەکە پشتگوێ بخرێن.

ئۆچوم وتوویەتی: "بێگومان ڕۆڵی ئۆجەلان لە سەرکەوتنی پرۆسەکەدا جێی مشتومڕ نییە و پرۆسەکە بەبێ ئەو پێش ناکەوێت، بەڵام تیشک خستنە سەر بارودۆخی ئۆجەلان و پشتگوێخستنی هۆکارەکانی دیکەی سەرکەوتنی پرۆسەکە، دیدگایەکی تەسک و کورتبینانەیە".

هەروەک ئاماژەی بەوەکردووە کە هەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکیی هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن، بۆیە پێویستە هەنگاوەکان خێراتر بکرێن و ناڕوونییەکان لاببرێن.

ئۆچوم داوای لە ئەندامانی پەکەکە و نوێنەرانی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) کردووە بەرپرسیاریەتیی زیاتر هەڵبگرن و زمانێک بەکاربهێنن کە بتوانێت متمانەی هەموو کۆمەڵگا بەدەستبهێنێت، بەتایبەتیی لەبارەی وازهێنان لە چەک.

لەبارەی چارەنووسی ئۆجەلان و پێداویستییە یاساییەکانی پەیوەست بە بارودۆخی کەسییەوە، ئۆچوم ئاماژەی بەوەداوە کە هەڵسەنگاندنی یاسایی و کرداری لەسەر ئەم بابەتانە دەکرێت، بەڵام تیشک خستنە سەر بارودۆخی کەسییەکان بەردەوام، لەبری زیادکردنی پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی، دەتوانێت ئەو پشتیوانییە کەم بکاتەوە.