وەزیری سامانە سروشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەكرێت

کوردستان

47 خولەک پێش ئێستا‌ 245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە میوانداریی هەریەک لەوەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، بەمەبەستی بەدواداچونی ورد.


تەها دەفاعی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی و ئەندامی لیژنەی کاتیی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لەدۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاندوە،"لیژنەکەمان ڕۆژی پێنجشەممە میوانداریی وەزیری نەوتی فیدراڵی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات".

دەفاعی ڕونیشیکردوەتەوە، ئامانج لەم میوانداریکردنە ئاگاداربون و بەدواداچونە لەسەر پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لەسنورەکانی کەرکوک و ناوچەکان لەپارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک.
ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو تەواوکردنی ڕاسپاردەکانی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکەیاندایە تایبەت بەو دۆسیەیە.

ئەو لیژنە کاتییەی پەرلەمانی عێراق بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ی تشرینی دوەمی 2026، لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری پێکهێنانی دراوە و لە سەرۆکانی 7 لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان پێکهاتوە، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.

بەگوێرەی فەرمانی پێکهێنانەکە، ئەرکی لیژنەکە بریتییە لەبەدواداچون بۆ ڕاپۆرتی تەکنیکی و هەواڵگریی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ناوچەی جورف سەخر "جورف نەسر"، لەگەڵ زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت بۆ دەرەوە، بەتایبەتی ئەفغانستان، هاوکات لێکۆڵینەوە لەو هێرش و بەئامانجگرتنانەی کراونەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.