شارپرێس: نیقاش
هێشتا هیوا ماوە کاتێک دەبینی لەگەرمەی شەڕو قەیرانی ئابوری‌دا خەڵک لەخەمی کۆکردنەوەی کۆمەکدایە بۆ توشبوانی شێرپەنجە، بەڵام ئەمجارەیان لەرێگەی کردنەوەی هەفتە بازاڕێکەوە کە داهاتەکەی دەچێتە سندوقی کۆمەک بەچارەسەری ئەو نەخۆشیەوە.
لەناو کارگەی جگەرە لەسەنتەری شاری سلێمانی کە هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش یەکێک لەگەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی جگەرە بوو لەسەر ئاستی عێراق، کۆمەڵیک کەسی خۆبەخش پڕۆژەی هەفتە بازاڕێک بەڕێوەدەبەن، لەوێ زیاتر لە ٣٦ کۆمپانیاو کاسبکارو رێکخراوەی کلتوری‌و دەزگای میدیایی مێزیان داناوەو بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.
بازاڕەکە رۆژانە بۆماوەی یەک هەفتە لەکاتژمێر ٦ی ئێوارە بۆ ٢ی شەو کراوەیەو دەیانەوێ لەماوەی ئەو هەفتەیەدا بڕێک پارە کۆبکەنەوە کە یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی کواڵیتی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەی هیوا دانەبەزێت کە ئەو نەخۆشخانەیە یەکێکە لەگەورەترین نەخۆشخانەکانی تایبەت بەچارەسەرکردنی شێرپەنجە لەسەر ئاستی کوردستان‌و عێراق.
رێزان نادر، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەفتەبازاڕەکە کە دوو ساڵ لەنەخۆشخانەی هیوا کاریکردووە به"نیقاش"ی وت "هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە چۆن یارمەتی نەخۆشخانەکە بدەم بەتایبەتی کە دەبێت ساڵانە ٨٠ ملیۆن دۆلار بچێتە ناو ئەو نەخۆشخانەیەوە بۆئەوەی خزمەتگوزارییەکی باش پێشکەش بکات".
ئەو نەخۆشخانەیە تەنها حکومەت ناتوانێت بیبات بەڕێوە، بەڵکو پێویستی بەکۆمەکی هەموو لایەکە، رێزان ده‌شڵێت "دڵخۆشم بەوەی کە وەک خۆبەخشێک بەشداربووم، ئەو گەنجە خۆبەخشانەش زیاتر دڵخۆشیان کردم کە خوێندکاری زانکۆ بوون‌و سەرباری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، بەڵام زۆرترین کاتیان لەئامادەکارییەکانی بەڕێوەچونی هەفتەبازاڕەکە بەسەربرد."
سندوقی تایبەت بەکۆمەکی شێرپەنجە کە بەیاسای ژمارە 11ی ساڵی ٢٠١٢ کاردەکات، ساڵانە بڕی ١٠ ملیار دیناری لەبوجەی گشتی تێدەکرێت.
بڕی بودجه‌ی ته‌رخانکراو بۆ شێرپەنجە له‌پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2014دا، چل ملیار دینار بووه، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی‌و کێشه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق، ئەو بڕە وەرنەگیراوە.
له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی خه‌رجیه‌کانی ده‌رمان‌و ئامێری پزیشکی له‌ئه‌ستۆی سندوقی کۆمه‌ک بۆ توشبووانی شێرپه‌نجه‌یه، پاشان له‌سه‌ر ئه‌رکی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌و هه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی پزیشکی‌و بڕێکی سنورداریش له‌ده‌رمان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حکومه‌تی عێراقەوە دابینده‌کرێت.
لەسێ ساڵی رابردوشدا که‌سایه‌تی‌و لایه‌نه خێرخوازیه‌کان هاوکات لەگەڵ پاڵپشتی دەزگامیدیاییەکان‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی رۆڵی کارایان هه‌بووه له‌دابینکردنی پێداویستیه‌کان.
خەبات مەعروف لەرێکخراوی "کلتورو گەشەپێدانی بەردەوام" کە کاردەکەن بۆئەوەی کارگەی جگەرە بکەنە پڕۆژەیەکی کلتوری به"نیقاش"ی وت "ئەمجۆرە چالاکییانە رۆڵ دەبینێ لەنزیککردنەوەی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵەگەدا، ئێمە شوێنەکەمان بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەی هەفتە بازاڕە رێکخست."
دەشڵێ "زۆر گرنگە هەموان پشتیوانی ئەمجۆرە پڕۆژانە بکەین کە ئامانج لێی خزمەتی مرۆییە."
رادیۆی ئێکس ئێف ئێم کە ستایڵێکی گەنجانەی هەیەو بیستەریکی بەربڵاوی لەسەر ئاستی کوردستان هەیە یەکێکە لەو دەزگا میدیاییانەی کە لەپڕۆژەی هەفتە بازاڕەکەدا بەشدارە. شاڵاو قەرەداغی بەڕێوەبەری مارکێتینی رادیۆکەو پێشکەشکاری بەرنامەی ئێکس مۆرنینگ به"نیقاش"ی وت "ئیشی میدیاکارانە ئەم جۆرە پڕۆژانە بگەیەنن بەخەڵک، پێویستە هاوکاری ئەو نەخۆشانە بکەین، چونکە لەوانەیە سبەینێ ئێمەش ببین بەیەکێک لەو توشبوانە."
رادیۆکەی شاڵاو بەچەند رێگەیەکی جیاواز بەشداریکردوە لەگەرمکردنی هەڵمەتەکەدا لەوانە بەرهەمهێنانی ریکلام‌و بڵاوکردنەوەی لەرادیۆو سۆشیال میدیا‌و سناپچات‌و لایڤی فەیسبوک‌و فلێکس‌و سەرباری ئەوەش بەخشینی سەدا بیستی داهاتی ریکلامەکانیان بۆ سندوقی کۆمەک بەتوشبوانی شێرپەنجە.
ساڵانە هەڵمەتی جیاواز بەمەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ توشبوانی شێرپەنجە لەکوردستان ئەنجامدەدرێ ئەوەی هەڵمەتەکەی ئەمساڵی گەرمتر کردووە هاتنە پشتی زانایانی ئاینی بوو، ئەوان فتوایاندا کە زەکات‌و سەرفترەی ئەمساڵیان لەمانگی رەمەزاندا بخەنە سندوقی کۆمەک بەتوشبوانی شێرپەنجەوە.
د. محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی، مامۆستا لەپەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان‌و ئەندامی لیژنەی فتوای سلێمانی، به"نیقاش"ی وت "لیژنەی فتوای سلێمانی‌و لیژنەی باڵای فتوای هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی نەخۆشخانەی هیوامان کرد‌و بینیمان کە زۆرینەی ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن کەسانی هەژارو کەمدەرامەتن کە ناتوانن بچنە دەرەوەی هەرێم، لەسۆنگەی هەستکردن بەوەی رزگارکردنی مرۆڤ لەهەر دەردو بەڵایەک تەنانەت بۆ ساتێکیش بێت ئەرکێکی ئاینی و ئینسانییە هەربۆیە بەپێویستمان زانی ئەو فەتوایە دەربکەین.
لەهەڵمەتەکانی بەخشینی کۆمەک بەتوشبوانی شێرپەنجە چیرۆکی سەرنجڕاکێش هەن، کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ خوێندکارێکی قۆناغی چوارەمی بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی رۆژی ئاهەنگی دەرچونەکەی لەگەڵ توشبوانی شێرپەنجە بەسەربرد، لەگەڵ کردنەوەی هەفتەبازاڕاکەی هیواشدا کچ‌و کوڕی دوان لەسەرمایەدارە گەورەکانی کورد کۆی تێچووی خەمڵێنراوی شەکراو خواردنەوەکەیان خستە سندوقی کۆمەک بە توشبوانی شێرپەنجەوە کە بڕی دوو سەد هەزار دۆلار بوو.
لەسەر ئاستی هەرێم دوو نەخۆشخانەو سێ بەش‌و سەنتەرێکی تایبەت بەچارەسەری شێرپەنجە هەیە، کە لەدوای نەخۆشخانەکەی بەغداد، نەخۆشخانەی هیوا بەدووەم گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجەیی دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق.
سیامەند خەلیل، لێپرسراوی راگه‌یاندنی نەخۆشخانەی هیواو سندوقی کۆمه‌ک بۆ توشبووانی شێرپه‌نجه، به"نیقاش"ی وت "چارەسەری شیرپەنجە لەتەواوی جیهاندا بەگرانترین جۆری چارەسەر دادەنرێت، لەساڵانی رابردودا چارەسەری شێرپەنجە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابینکراوە، بەڵام خەڵک ئاگادارنەبووە لەوەی حکومەت چ ئەرکێکی گەورە لەبواری شیرپەنجەدا بەجێدەگەیەنێ، ئێستا کە قەیرانی دارایی لەئارادایە هەندێک لەتواناکانی حکومەت کەمبۆتەوە بۆئەوەی کە نەتوانێت وەک پێشوو بەردەوام بێت."
سیامه‌ند ده‌شڵێت "بۆئەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان دانەبەزێت لەو کاتەوەی قەیرانی دارایی هەیە پشتبەستراوە بەسندوقی کۆمەک بەتوشبوانی شێرپەنجە کە بەیاسا رێکخراوە، ئێستاش بۆئەوەی رێگای دیکە بدۆزینەوە پارە بێتە ناو ئەو سندوقەوە لەچوارچێوەی رێنماییەکانی یاساکەدا کۆمەڵێک چالاکی لەمجۆرە ئەنجامدەدەین، چونکە هەتا توانای ئابوریمان باشتر بێت دەتوانین خزمەتگوزاری شێرپەنجەش بەرزبکەینەوەو رێژەی رزگاربوونیش لەم نەخۆشیە ترسناکە زیاتر بکەین."
دەربارەی رێژەی توشبوانیش سیامەند دەڵێت "رێژەی توشبوان بەنەخۆشی شێرپەنجە لەکوردستان لەچاو رێژەی ستانداردی جیهانی کەمترەو ئەمەش خاڵێکی دڵخۆشکەرەیە".
سیامه‌ند ئاماژه به‌وه ده‌كات به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه نه‌خۆشخانه‌ی هیوا كردوویه‌تی، له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ر دوو ملیۆن كه‌س هه‌زار كه‌س ساڵانه تووشی شێرپه‌نجه ده‌بن، به‌ڵام له‌وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا ئه‌م ژماره‌یه دوو هه‌زار حاڵه‌ته بۆ هه‌ر دوو ملیۆن كه‌سێك.
دەشڵێ "ئێمە دەمانەوێت لەرێگەی ئەم چالاکییانەوە کارێک بکەین کە تەنانەت ئەگەر هەتا دوو ساڵی تریش قەیرانی دارایی لەکوردستان بەردەوام بوو ئەوا نەخۆشخانەی هیوا هیچ کێشەیەکی نەبێت و خزمەتگوزارییەکانی نەوەستێ."
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا (ساڵی 2007) هه‌تا ئێستا، ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه 28 هه‌زار نه‌خۆشی هه‌بووه، له‌وانه 10 هه‌زار كه‌سیان نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یان هه‌بووه‌و ئه‌وانه‌ی تر نه‌خۆشی جۆراوجۆری خوێنیان هه‌بووه.
به‌پێی خه‌مڵاندنه‌کانی سیامەند ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌موو کاره‌کانی نه‌خۆشخانه‌که‌یان به‌ستاندارد بڕوات‌و هه‌موو پێداویستیه‌کانی تیادا فه‌راهه‌م بکرێت ئه‌وا ساڵانه نزیکه‌ی هەشتا ملیار دینار بودجه‌یان پێویسته.
هەروەها لەسادەترین حاڵەتدا که‌مترین تێچوو بۆ چارەسەرکردنی توشبویەکی شێرپەنجە له‌ده‌ستنیشانکردنه‌وه تا کۆتایی چاره‌سه‌ر شه‌ست هه‌زار دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم دەکەوێت.
هەر بەپێی ئەو خەمڵاندنانە له‌هه‌ندێک جۆری شێرپه‌نجه‌دا ده‌گاته دوو سه‌دو هه‌شتا هه‌زار دۆلار.
بەڕێوەبەرانی پڕۆژەی هەفتەبازاڕەکەی هیوا وا چاوەڕوانی دەکەن لەماوەی ئەو هەفتەیەدا کۆمەکێکی باش بۆ سندوقی کۆمەک بەتوشبوانی شێرپەنجە کۆبکەنەوە لەو رێگەیەشەوە دەیانەوێت زۆرترین ئومێد بەو توشبوانەی شێرپەنجە بگێڕنەوە کە زیاتر لەهەر شتێک تامەزرۆی ژیانن.