هەنگاوی دابەشكردنی سوریا بۆ سێ‌ دەوڵەت
بۆچی ئەمریكا گوێ‌ بەنیگەرانییەكانی توركیا نادات‌و هاوكاری كوردانی رۆژئاوا دەكات؟

کوردستان

19/03/2017‌ 6909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی Syria Comment راپۆرتێكی لەسەر دۆخی سیاسی‌و ئەمنی سوریا بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا وەڵامی ئەو پرسیارە دراوەتەوە، كە بۆچی ئەمریكا گوێ‌ بەنیگەرانییەكانی توركیا نادات‌و هاوكاری كوردانی رۆژئاوا دەكات؟

لەراپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، توركیا ئامانجی فراوانكردنی دەسەڵاتی سەربازی لەسوریا هەیە، بەڵام هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان ئامانجیان، ئەوەیە شەڕی داعش بكەن‌و مەترسییەكانی داعش لەسوریا دووربخەنەوە.

هەروەها لەراپۆرتەكەدا باس لەوەش كراوە، كە ئەمریكا دەیەوێت شەڕی چەكدارانی داعش بكات لەسوریاو تاكەهێزیش بتوانێت ئەو شەڕەی بۆ بكات هێزە كوردییەكانە، بۆیە گوێ‌ بەنیگەرانییەكانی توركیا نادات‌و هاوكاری هێزە كوردییەكان دەكات.

لەدوای راگەیاندنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشەرۆكایەتی ئەمریكا لەدژی داعش لەسوریاو عێراق، هاوپەیمانییەكە بڕیاریدا هاوكاری هێزە كوردییەكان لەهەردوو وڵات بكات، ئەوەش بۆ شەڕی داعش.

لەراپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكراكراوە، كە هاوكارییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ هێزە كوردییەكان بەردەوامی هەیەو بەم دواییانەش هاوكارییەكان رووی لەزیادبوون كردووە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی شەڕەكان لەدژی داعش لەخاكی ئەو وڵاتە.

پێگەی Syria Comment ئاشكرایكردووە، ئامانجی ئەمریكا لەو هاوكارییانە بۆ دابەشكردنی سوریایە بەسەر سێ‌ وڵات‌و دەوڵەتی تر، بەشێوەیەك ناوچەی باشوورو رۆژئاوا بۆ دەسەڵاتەكەی ئەسەدو ناوچەی باكووری رۆژئاواش بۆ سوونەكانی ئەو وڵاتە، كە توركیا پشتگیرییان دەكات، لەگەڵ ناوچە كوردییەكان بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەباكووری سوریا.

شەرڤانانی كورد لەرۆژئاوا بەهاوكاری ئەمریكاو هاوپەیمانان ئێستا شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە دەكەن، كە پێگەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، دوای ئەو شەڕە ئەمریكا بەفەرمی پرسی دابەشكردنی سوریا بۆ سێ‌ دەوڵەتی یەكلادەكاتەوە.

هـ ـ ح