“تاران بەهیچ شێوەیەك ریفراندۆم قبوڵناكات‌”
ئێران هەڕەشەی كاردانەوەی كردەیی لەدژی ریفراندۆمی هەرێم دەكات

کوردستان

18/07/2017‌ 2691 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆماری ئیسلامی ئێران، پاش ئەوەی دژایەتی خۆی بەڕەسمی بۆ ریفراندۆمی هەرێم راگەیاندبوو، دەستی بەجموجۆڵێكی دیپلۆماتی كردووە بۆ پاشگەزكردنەوەی بەرپرسانی هەرێم لەو ریفراندۆمەی، كە بڕیارە 25ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەنداێكی سەركردایەتی یەكێتیش ئاشكرایكرد، كە تاران راستەوخۆ بەبەرپرسانی‌ حیزبی‌‌و حكومی‌ هەرێمی‌ راگەیاندووە "ئەگەر سووربن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم كاردانەوەی كردەكیمان دەبێت".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی‌ كوردستان بۆ ژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممەی هەفتەنامەی ئاوێنەی‌ راگەیاند "لەئێستادا بەرپرسانی ئێران پێیان ناوەتە قۆناغی دووەمی دەربڕینی هەڵوێستەكانیان، كە ئەویش ئەوەیە رووبەڕوو دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم بە بەرپرسانی حیزبی‌و حكومی هەرێم رابگەیەنن".

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی راشیگەیاندووە "ئێران بەهیچ شێوەیەك ریفراندۆم قبوڵناكات"، كە مەسعود بارزانی‌و چەند لایەنێكی تر بڕیاریان لێداوە.

ئەسەسەرد ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو  شاندەی یەكێتی، كە چوەوتە ئێران ئەركەكەی ئەوەیە كارێكی وابكات ئێرانییەكان پێداچوونەوە بەبۆچوونەكانیاندا بكەن، لەكاتێكدا ئێرانییەكانیش كار بۆ پاشگەزكردنەوەی بەرپرسانی هەرێم دەكەن، كە "بەدڵنیاییەوە دوو ئیرادەی جیاوازو دژبەیەك هەیە لەم مەسەلەیەداو دەرفەت نییە بۆ سازان".

فەرید ئەسەسەرد پێیوانییە كاریگەرییەكانی ئێران بگاتە ئەو رادەیەی یەكێتی لەریفراندۆمەكە پاشگەزببێتەوەو پارتی دیموكرات سوربێت لەسەری، ئەو رایگەیاند "ئەگەر كەرتبون بێتە ئاراوە هۆكارەكەی فشاری ئێران نییە، بەڵكو كارانەكردنەوەی پەرلەمانە، چونكە لای ئێمە دەبێت پەرلەمان كارابكرێتەوەو ریفراندۆم ناوچە جێناكۆكەكانیش بگرێتەوە".

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 7 مانگی شەشی رابردوو لەلایەن بەشێك لەحیزبە سیاسییەكانی هەرێم دراوە، كە لە 25 مانگی نۆی داهاتوو بەرێوەدەچێت‌و كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح