عەبادی لەبارەی ریفراندۆمەوە نووسراوێك ئاراستەی ئیدارەی كەركوك دەكات

کوردستان

19/07/2017‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە نووسراوێكی ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كردووە.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەمڕۆ چوار شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، عەبادی لەچەند رۆژی رابردوودا نووسراوێكی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئاراستەی ئیدارەی كەركوك كردووە.

رێبوار تاڵەبانی لەبارەی ناوەڕۆكی نووسراوەكە، راشیگەیاند "لەنووسراوەكەدا هاتووە، كە ئەوان رێگە بەئەنجامدانی ریفراندۆم لەپارێزگای كەركوك‌و ناوچەكانی ماددەی 140 نادەن".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك رەخنەی لەهەڵوێستەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گرت‌و ئەوەشی راگەیاند، كە حكومەتی عێراق خۆی مادەی 104 یەكلانەكردووەتەوە، بەڵام رێگری لەهەولێك دەكات، كە ئەو مادەیە جێبەجێدەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە كەركوك‌و ناوچەكانی ماددەی 104یش دەگرێتەوەو ئەمەش نیگەرانی لێكەوتووەتەوە.

لەبارەی پابەندی ئیدارەی كەركوك بەو نووسراوە، رێبوار تاڵەبانی باسی لەوە كرد، كە ئەوان ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی لایەنە یاساییەكانن‌و هەركاتێك گەیشتن بەئەنجامێك لەو بارەوە بڕیار دەدەن.

هـ ـ ح