"كوركوك كوردستانی نییە".. توركیا جەخت لەناڕەزایی لەریفراندۆمی هەرێم دەكاتەوە

کوردستان

01/08/2017‌ 1195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، رایگەیاند ریفراندۆمی هەرێم شێوازێك نییە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابووری‌و ئەمنییەكانی عێراق.

ئیبراهیم كاڵن راشیگەیاند ''كوردەكان خۆیان هەرێمێكی فیدراڵییان هەیە، پەرلەمانیان هەیەو هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا ژینگەیەكی پراكتیكیتر درووستبكرێت، لەو بارەیەوە لەسەر هەقن".

ئەو قسانەی ئیبراهیم كاڵن لەمیانی بەشدارییكردنی لەبەرنامەیەكی كەناڵی تی ڤی نێتدا بووەو ئاژانسی ئەنادۆڵ لەهەواڵێكدا ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردووەتەوە.

كاڵن باسی لەوەكرد توركیا پەیوەندییەكی دراوسێیانەی لەگەڵ عێراقدا هەیە، كە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێشتر لەئێستاو لەگەڵ هەریەك لەعەرەب، كوردو توركمانەكانی عێراقدا درێژەیان بەپەیوەندیی خزمایەتییان بۆ ساڵانێكی دوورو درێژ داوە.

وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا تیشكی خستە سەر ئەوەی جەنگی كەنداو بووەتە هۆی درووستبوونی شۆكی گەورە لەعێراقداو سایكۆلۆجیا، پێكهاتەی كۆمەڵگە‌و تەنانەت پەیوەندییە مرۆییەكانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووەو كێشەكان كراونەتە قەیران‌و جەختی لەوەكردەوە عێراق گیرۆدەی ئەو كێشانەیە، كە لەئەنجامی بوونی پێكهاتەیەكی ناوەندیی لاواز و گیروگرفتی ئەمنیی هاتوونەتە ئاراوەو باسی لەوەكرد ئەو كەسەی دەسەڵات دەگرێتە دەست سەرگەرمی ئەو كێشانە دەبێت.

ئیبراهیم كاڵن ئاماژەی بەوەشكرد یەكپارچەیی خاكی عێراق، پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتەو دەستەبەركردنی ئاسایش تێیدا، گرنگی زۆری بۆ توركیا هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا ئەنقەرە گرنگی بەدەستەبەركردنی ئاشتی ناوخۆ‌و گرەنتیكردنی خۆشگوزەرانی لەو وڵاتە دەدات.

كاڵن جەختی لەوەكردەوە هەموو ئەوانە بەستراونەتەوە بەیەكترەوەو ئەنجامدانی هەموویان پێكەوەیەو رایگەیاند ''سەرەتا پێویستە رووبەرێكی سیاسی ئەوتۆ درووست بكرێت، كە هەمووان لەئامێزبگرێت‌و كارێك بكات هەست بكەن سەربە عێراقن، ئەمە لەئێستادا بوونی نییە، بەغدا ناتوانێت ئەو متمانە بەخۆكردنە لەلای تەواوی عێراق بهێنێتە ئاراوە، كێشەكە تەنیا ئەوە نییە گردبوونەوەی شیعەكان پێكەوەو پێكهێنانی بەرە نییە لەبەرانبەر گرووپەكانی دیكەدا، هاووڵاتییان حكوومەتێكی دادپەروەرانەتر، شەفافترو كاریگەرتریان دەوێت، كاتێك تەماشای ئەم دیمەنە دەكەین، ئەوە دەبینین كێشەكان ئەوە نیین لەساتێكدا چارەسەربكرێن، ئێمە هەوڵماندا پەیوەندیی یەكسانمان لەگەڵ هەموو گرووپ‌و لایەنەكاندا هەبێت، كاتێك تەماشای ١٠ ساڵی رابردوو دەكەین، ئەوە دەبینین لەگەڵ هەریەك لەسوننەكان، شیعەكان، توركمانەكان، كوردەكان، مەسیحییەكان‌و ئێزدییەكاندا لەقۆناغی جۆراوجۆرداو لەكەشی جۆراوجۆردا پەیوەندییمان دامەزراندووە.

ئیبراهیم كاڵن باسی لەوەش كرد، كە خستنە ناوەوەی كەركوك بۆ ئەو ناوچانەی ریفراندۆمەكەی تێدا ئەنجامدەدرێت كێشەیەكی گەورەیەو لەڕووی سیاسی‌و یاساییەوە بڕیارێكی هەڵەیە، لەبەرئەوەی كەركوك سەر بەهەرێمی كوردی نییە، یەكێكە لەشارە سەربەخۆكان.

هەروەها كاڵن ئەوەی خستەڕوو، كە بە بەشداركردنی كەركوك لەریفراندۆمەكەدا عەرەب‌و توركمانەكان بایكۆتی دەكەن‌و باسی لەوەیش كرد، كە ریفراندۆم شێوازێك نییە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئابووریی‌و ئەمنییەكانی عێراق.

ئەوەشی راگەیاند "پرسی ریفراندۆم دەبێتە پێشهاتێك، كە هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی عێراق، كاتێك ریفراندۆم كرا كێ پەسەندی دەكات، گریمان لەهەرێمی كوردی ئەنجامتاندا، ئایا پێویست ناكات پەرلەمانی عێراقیش پەسەندی بكات؟ بۆ ئەوەی ریفراندۆمەكە رەسمیەت‌و شەرعیەتی هەبێت پێویست دەكات لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند بكرێت".

ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەبڕیاری مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان لە 25/9/2017 بەرێوەبچێت، كە ئەمە كاردانەوەی لێكەوتووەتەوەو توركیا پێشتریش ناڕازایی لەو بارەوە راگەیاندبوو.

هـ ـ ح