شارپرێس:
ئەمریكا جارێكی تر دژایەتی خۆی بۆ راپرسی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوەو رایگەیاند، پێشوازی لەگفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكات.
هێزر نۆیرتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دووپاتیكردەوە، كە وڵاتەكەی دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لەگفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەین، كە چەند رۆژێكە بەردەوامی هەیە.
هێزر نۆیرت راشیگەیاند، ئەوەی لەئێستادا بۆ ئەمریكا گرنگە، هەولێرو بەغدا بۆ دژایەتی تیرۆر هاوكارو هەماهەنگی یەكتری بكەن، وەك ئەوەی لەرابردوو كردوویانە.
ئەمە لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە شاندێكی سیاسی هەرێم لەبەغدا، ئەوەش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك، بەتایبەتی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان لەمانگی نۆی داهاتوو.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشتریش چەند جارێك لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكانیدا دژایەتی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیاندبوو.
ماوەی پێشووش رێكس تێلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندی بەمەسعود بارزانی كردو رایگەیاند وڵاتەكەی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەو بەفەرمیش داوای دواخستنی كرد.
مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم، حەوتی حوزەیرانی رابردوو رۆژی 25/9/2017یان دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.
هـ ـ ح