بارزانی: ریفراندۆم رێگرتنە لەدووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان

کوردستان

17/08/2017‌ 563 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی بارزانی باسی لەبڕیاری 7ـی حوزەیرانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، كە بڕیاریان لەدیاركردنی رۆژی 25ـی ئەیلولی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمداو بە "هەڵوێستێكی مێژووی‌و نیشتمانی" وەسف كردو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی بۆ رێگرتنە لەخوێنریشتن‌و دووبارە نەبوونەوەی كارەساتەكان.

ئەو قسانەی مەسعود بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز تەئكیدی لەهاوهەڵوێستی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كردەوە لەپاڵپشتیكردنی ریفراندۆم‌و بەبڕیارێكی "نیشتمانی‌و مێژووی لەقەڵەمدا"و ئامادەیی خۆی‌و حیزبەكەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم نیشاندا.

هەر بەپێی راگەیەنراوی كۆبووەوە، كە سەرۆكایەتی هەرێم ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویكردووەتەوە، لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی‌و پێشهاتی سیاسی هەرێمایەتی تاوتوێكران.

بارزانی راشیگەیاند "هەرێمی كوردستان فاكتەری سەقامگیری بووە بۆ ناوچەكە‌و لەدوای ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی بەهەمانشێوە دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ پاراستنی سەقامگیری لەناوچەكەدا".

هەروەها بارزانی جەختی لەسەرئەوەشكردەوە، ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی خەڵكی كوردستان دەكات، چونكە "بارودۆخی كوردستان و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وەك قۆناغەكانی رابردوو نییە و دووپاتیكردەوە، گەلی كوردستان بە ئیرادەی بەهێزەوە دۆزی ڕەوای خۆی بەرەو پێشەوە دەبات".

هـ ـ ح

بەپەلە