"شاندەكە بەدوای دەرچەیەك دەگەڕێن"
شارپرێس دواین هەوڵی شاندەكەی هەرێم لەبەغدا بۆ دواخستنی ریفراندۆم ئاشكرادەكات

عیراق

20/08/2017‌ 4090 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغدا بەشارپریسی رایگەیاند شاندەكەی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی ریفراندۆم بەتەواوەتی لەوە دڵنیاكراونەتەوە، كە هیچ هێزو لایەنیكیان دەستناكەوێت بۆ پشتیوانی ریفراندۆم. 

سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، راشیگەیاند "شاندەكەی هەرێم ئێستا لەگفتوگۆی ئەوەدان لەگەڵ لایەنەكان، كە پێكەوە دەریچەك بدۆزنەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی نیوان بەغداو هەولێر".

سەرچاوەكە هەروەها ئاشكرایكرد، كە شاندەكە دەیانەوێن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا "بكرێتە هۆیەك بۆ دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان"، كە وەك بڕیاردراوە مانگی نۆی داهاتوو بەرێوەبچێت.

شاندەكەی هەرێم لەرۆژی دوو شەممەی رابردووەوە لەشاری بەغدان‌و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق گفتوگۆیان كردووەو بڕیارە ئەمڕۆش یەك شەممە لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان بۆ جاری دووەم كۆببنەوە.
 
هاوكات سەرچاوەیەك لەهاوپەیمانی نیشتمانی بۆ شارپرێس ئەوەی راگەیاند، "شاندەكەی هەرێم ئێستا لەكۆبوونەوەكان زیاتر باس لەچارەسەری كێشەكان دەكەن نەك ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك چارەسەر".

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە شاندەكەی هەرێم داواشیان لەفوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارو چەند كەسایەتییەكی تری عێراقییان كردووە، كە رۆڵیان هەبیت لەچارەسەری كێشەكەو ئەوان لەگەڵ ئەمریكییەكان قسە بكەن تا پێكەوە چارەسەریكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەم پرسە.

مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی 25/9/2017یان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی بەدواوە هاتووەو زۆربەی كاردانەوەكانیش بۆ ئەوەیە، كە ریفراندۆم دوابخرێت‌و لەو وادەیە ئەنجانەدرێت.

هەرێمی كوردستان پرسی كێشەكانی چەند ساڵی رابردووی لەگەڵ حكومەتی عێراقی كردووەتە بیانوو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە لەدوای سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا، لایەنە عێراقییەكان ئامادەییان نیشانداوە بۆ چارەسەری كێشەكان.

هـ ـ ح