بەهۆی مەترسی ئەنجامدانی ریفراندۆم
بانكی ناوەندی عێراقی كردنەوەی لقەكانی لەهەرێمی كوردستان رادەگەرێت

عیراق

23/08/2017‌ 714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بانكی ناوەندی عێراقی كردنەوەی لقەكانی لەهەرێمی كوردستان راگرت، ئەوەش بەهۆی مەترسییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم.

بانكی ناوەندی عێراقی بەپێی بڕیارێك، كارەكانی كردنەوەی دوو لقی لەهەرێمی كوردستان راگرتووە، كە بڕیاربوو لەهەردوو شاری هەولێرو سلێمانی بیكاتەوە.

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەوە رایگەیاند، كە بانكی ناوەندی عێراقی بەهۆی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و مەترسییەكانی ئەو پرۆسەیە بڕیاری راگرتنی لقەكانی لەهەرێمی كوردستان داوە.

ئەحمەد حاجی راشید راشیگەیاند، بانكی ناوەندی لەمانگی رابردووەوە بڕیاری دەركردووە، بۆ ئەوەی كارەكانی كردنەوەی دوو لقەكەی لەهەولێرو سلێمانی رابگرێت.

بانكی ناوەندی عێراق ناوەڕاستی ئەمساڵ بڕیاریدا دوو لقی سەرەكی لەهەرێمی كوردستان‌و لەهەردوو شاری هەولێرو سلێمانی بكاتەوە، ئەوەش بۆ فراوانكردنی كارەكانی لەهەردوو شارەكە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كە كوردە جەختی لەوە كردووەتەوە، ئەو بڕیارە بۆ هەرێمی كوردستان زیانی هەیەو دەبێت داوا لەبانكەكە بكرێت، بڕیارەكەی هەڵوەشێنێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە حەوتی حوزەیرانی رابردوو بڕیاریاندا، كە لە 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوە.

هـ ـ ح