فراكسیۆنی پارتی: كاردانەوەیان بەرانبەر ریفراندۆم نەماوە

کوردستان

27/08/2017‌ 1402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند پێش سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا، لێدوانی لایەنە عێراقییەكان لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە زۆر توندبوو، بەڵام دوای سەردانەكە ئێستا ئەو توندییە نەماوەو نەرمتر لەجاران مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكەن.

عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەمیانی لێدوانێكی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "سەردانی شاندی ھەرێمی كوردستان‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ ھەموو لایەنەكان‌و شاندەكەیش نوێنەری لایەنەكان‌و پێكھاتەكانی تێدا بوو، زۆر گرنگ‌و زۆریش ئەنجامی باشی ھەبوو، چونكە ھەمووان لەوە تێگەییشتن ھەرێمی كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و لێی پاشگەزنابێتەوە".

عەرەفات كەرەم ئەوەشی راگەیاند "پێش سەردانی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لایەنەكان لێدوانی زۆر توندیان دژی ئەو پرسە دەدا، بەڵام دوای چوونی شاندەكە ئێستا دەبینین ئەو لێدوانانە زۆر كەم بوون‌و بەشێوەیەكی نەرم مامەڵە لەگەڵ پرۆسەكەدا دەكەن، چونكە ئەوانیش لەوە تێگەییشتوون ھەرێمی كوردستان ئەو كارە ئەنجامدەدات".

هەفتەی رابردووتر شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد، ئەوەش بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەمانگی نۆی داهاتوو لەهەرێمی كوردستان‌و لەو بارەشەوە گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كرد.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی هەروەها رایگەیاند "بڕیارە گفتوگۆی نێوان ھەرێم‌و بەغدا بەردەوام بێت و شاندێكی بەغدایش دێتە ھەرێمی كوردستان‌و گفتوگۆكان تا دوای پرۆسەی ریفراندۆم ھەر دەكرێن، چونكە بۆ سەربەخۆیی زیاتر، پێویستمان بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ھەیە".

هـ ـ ح

بەپەلە