دوو لایەنی سەرەكی داوای دواخستنی دەكەن
بانگەشەی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم بەفەرمی دەستپێدەكات

کوردستان

05/09/2017‌ 1236 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان وادەی بانگەشەی بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم دیاریكردو دوو لایەنی سەرەكیش داوای دواخستنی پرۆسەكە دەكەن.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 5/9/2018 وادەی هەڵمەتی بانگەشە دەستپێدەكات‌و بۆ 18 رۆژ بەردەوامی دەبێت، كە 22 ئەم مانگە بەردەوامدەبێت.

رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەدەچێت، ئەوەش بەپێی بڕیاری مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

دوو لەو لایەنانەی بەشداری بڕیاری مەسعو بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانیان نەكردووە، بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامین، كە دوو لایەنی سەرەكی هەرێمن‌و خاوەنی 30 كورسی پەرلەمانن‌و داوای دواخستنی پرۆسەكەش دەكەن.

لەو بارەوە هەردوولایەن رۆژی 4/9/2017 كۆبوونەوەو لەدوای كۆبوونەوەكە لەبەیاننامەیەجا هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچە‌و چاككردنی گوزەرانی خەڵك، ئاسایی كردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەجۆرێك، كە كارەكانی یاسادانان و چاودێری خۆیی بكات، ڕیفراندۆم دوابخرێت‌ بۆ كاتێكی گونجاو لەڕێگای پەرلەمانەوە بڕیارو یاسای بۆ دەربكرێت‌و هەڵبژاردنەكان لەكاتی یاسایی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

بەرێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لەهەرێم لەكاتێكدایە، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی كێشەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم پەرلەمانی كوردستان كارەكانی پەكیكەوتووەو بەو هۆیەوە پەرلەمانەكە هیچ رۆڵێكی نییە لەبڕیاری ریفراندۆمی هەرێم.

هـ ـ ح