هەڵوێستێكی تری توندی توركیا لەبارەی ریفراندۆمی هەرێم

کوردستان

14/09/2017‌ 1503 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حكومەتی توركیا رایگەیاند ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان باجی دەبێت‌و كاری دروست هەڵوەشاندنەوەیەتی.

بکر بوزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی هەوڵەكان بۆ رێگریكردن لەئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم رایگەیاند كاری دروست ئەوەیە ریفراندۆمەكە ئەنجامنەدرێت.

لەبارەی پاشگەزنەبوونەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەئەنجامدانی ریفراندۆم بوزداغ رایگەیاند ئەگەر "ریفراندۆمەكە هەڵنەوەشێندرێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەوە باجی خۆی دەبێت، بەرانبەری دەبێت‌و دەرەنجامەكانی ریفراندۆمەكە ناسەقامگیری، قەیران‌و پشێوی دەبێت".

ناوبراو هەروەها هۆشداریدا بەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم، مەترسی ئەمنی دیكە روودەدات‌و زۆر كێشەی دیكە سەرهەڵدەدات، كە ئەمڕۆ ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند ئەنجامدانی ریفراندۆم بەدڵنیاییەوە كاردانەوەی دەبێت‌و خۆشحاڵی وڵاتەكەشی بەرانبەر بریارەكەی پەرلەمانی عێراق دژی پرۆسەكە نیشاندا.

پەرلەمانی عێراق لەبریارێكدا ریفراندۆمی هەرێمی رەتكردەوە‌و حەیدەر عەبادی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق، كە پرۆسەكە 25 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت.

لێدوانەكانی بەرپرسانی توركیا لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم توندتبوونەتەوەو هەڕەشە ئامیزن، لە سەرجەم لێدوانەكاندا ئاماژە بەكاردانەوەی سەربازی دەكرێت، بەڵام باس لە سەرچاوەی كاردانەوەكان نەكراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت، كە سەرەكی ترین سەرچاوەی داهاتی هەرێمە.

ر . ا

بەپەلە