كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لەھەولێر بەیاننامەكەی كۆشكی سپی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

16/09/2017‌ 3807 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لەھەولێر بەیاننامەكەی كۆشكی سپی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە، كە ئەمڕۆ شەممە لەبارەی ریفراندۆم رایگەیاند.

كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لەھەولێر ئەمڕۆ شەممە راگەیەنراوەكەی بۆ میدیاكان ناردووەو لەسەری نووسیوە، بەیاننامەكەی سكرتێری ڕاگەیاندن سەبارەت بەڕیفراندۆمی پێشنیاركراوی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، "دەستبەجێی بۆ بڵاوكردنەوە".

لەبەیاننامەكە هاتووە، "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی لەنیازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناكات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكۆتاییەكانی ئەم مانگە".

كۆشكی سپی ئەمریكا راشیگەیاندووە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چەندجارێك بۆ سەركردەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی دووپاتكردووەتەوە كەوا ریِفراندۆم ھەوڵەكانی تێكشكاندنی داعش‌و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچە ئازادكراوەكان بەلاڕێدا دەبات، بەتایبەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەناوچە كێشە لەسەرەكان كارێكی ئیستیفزازیەو ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوە". 

كۆشكی سپی ئەوەشی راگەیاندووە "ئێمە داوا لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین ڕیفراندۆم ھەڵبوەشَێنێتەوەو بچێتە ناو دیالۆگیكی جدی‌و بەردەوام لەگەڵ بەغداد, كە ویلایەتە یەكگرتووەكانیش ئامادەیی خۆی بۆ ئاسانكاریكردن لەم بارەیەوە دووپاتكردووەتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت، كە ئەمریكا لەو پرسە ناڕازییەو دەیەوێت دوای بخات، بۆ ئەوەش هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە.

هـ ـ ح