ململانێی‌ ژێربەژێری‌ دوو ئامۆزا
ئایندەی‌ پارتی‌ بۆ كامیانە.. نێچیرڤان بارزانی‌ یان مەسرور بارزانی‌؟

کوردستان

02/03/2018‌ 6931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید
لەناو حیزبەكانی‌ كوردستاندا هیچ حیزبێك هێندەی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەناوخۆیدا تۆكمە نییە، بەڵام هیچ گەرەنتییەك نییە پاش پاشەكشەی‌ مەسعود بارزانی‌ ئەو حیزبە ئاوها یەكدەست بمێنێت.

لەنەریتی‌ سیاسەتكردندا لەكوردستان واباوە، كە هەموو هێزە سیاسییەكان تووشی‌ پەتای‌ باڵباڵێن دەبن‌و دەبن بەچەند كەرتێكەوە، بەڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەدەگمەن ئەم نەخۆشییەی‌ گرتووە، رەنگە نهێنییەكەش ئەوە بێت، كە لەسەرەتاوە وەك حیزبێكی‌ بنەماڵەیی‌ هاتووەتە ئاراوەو دەسەڵات لەباوكەوە بۆ كوڕ گواستراوەتەوە.

بۆ نزیكەی‌ چل ساڵ دەچێت، بەدیاریكراوی‌ لەساڵی‌ 1979وە مەسعود بارزانی‌ لەهەرەمی‌ دەسەڵاتی‌ پارتیدایەو توانیوێتی‌ مەركەزییەتی‌ ئەو حیزبە بپارێزێت، بەڵام لەمساڵانەی‌ دواییدا ململانێیەكی‌ ژێر بەژێر لەنێوان مەسرور بارزانی‌ كوڕی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ برازایدا هاتووەتە ئاراوەو لەسەروبەندی‌ ریفراندۆمەكەی‌ ئەیلولی‌ پاریشەوە هێڵەكانی‌ ئەو ململانێیە روونتر دەكەون.

پێش ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم، هەر شاندێكی‌ عێراقی‌‌و بیانی‌ سەردانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ بكردایە لەگەڵ مەسعود بارزانی‌ كۆدەبوونەوە، هەروەها هەر شاندێكی‌ فەرمی‌ هەرێم بچوایەتە بەغدا، یان وڵاتانی‌ جیهان، مەسعود بارزانی‌ سەرۆكایەتی‌ دەكرد، بەڵام لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ پارەوە لەوەتەی‌ مەسعود بارزانی‌ دەستی‌ لەپۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم كێشاوەتەوە، هەردوو ئامۆزاكە جۆرێك لەململانێیان هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی‌ "بارزانی‌ گەورە".

بەپێی‌ ئەو یاسایەی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە دەرچووە، بەشی‌ هەرە زۆری‌ دەسەڵاتەكانی‌ مەسعود بارزانی‌ گواسترانەوە بۆ سەرۆكی‌ حكومەت كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی‌ لەو پۆستەدایە، بەڵام رەنگبێت سەرۆكی‌ حكومەت نەتوانێ‌ مومارەسەی‌ هەموو ئەو دەسەڵاتانە بكات، چونكە جگە لەوەی‌ لەحیزبەكانی‌ دیكە نەیاری‌ زۆرن، لەناوخۆشدا بەر دیواری‌ مەسرور بارزانی‌ ئامۆزای‌ دەكەوێت كە سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ ئاسایشەو هەموو سەرەداوەكانی‌ ئەمنیەتی‌ كوردستانی‌ بەدەستە.

چەند مانگێكە بارزانی‌ نە وەفدێكی‌ رەسمی‌ دەبینێت‌و نە بەسەردانی‌ رەسمی‌ دەچێتە دەرەوە، لەبری‌ ئەو نێچیرڤان بارزانی‌ ئەو ئەركە رادەپەڕێنێت، بەڵام لە ماوەی‌ رابردوودا لەوە دەچێت مەسرور بارزانیش بیەوێت ببێتە بەشێك لەو گەمەیە.

عەلی‌ عەونی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هیچ حاڵەتێكی‌ نائاسایی‌ لەدەرنەكەوتنی‌ مەسعود بارزانیدا نابینێت‌و دەڵێت "سەرۆك بارزانی‌ پێشتر پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستەی‌ نەماوە، بۆیە شاندەكانیش كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی‌ تری‌ هەرێم، وەك سەرۆكی‌ حكومەت‌و بەرپرسانی‌ تر دەكەن".

عەلی‌ عەونی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "هۆكارێكی‌ تر ئەوەیە بارزانی‌ خۆی‌ نایەوێت بەشێك لەشاندەكان ببینێت".

دواین جار نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ لەسەر ئاستی‌ نێودەوڵەتی‌ دەركەوتن‌و لەجیاتی‌ مەسعود بارزانی‌ مامەڵەیان لەگەڵ كرا، بانگهێشتكردنیان بوو بۆ كۆنگرەی‌ ئاسایشی‌ میونیخ لەئەڵمانیا، كە لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ شوبات ئەنجامدرا.

ململانێی‌ نیمچە دیاری‌ ئەم دوو كاراكتەرەی‌ پارتی‌ شتێكی‌ تازە نییە، بەڵام لەدوای‌ پاشەكشەی‌ بارزانییەوە ئەگەر سەرهەڵدانەوەی‌ بەهێزترە.

نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەو لەناو حیزبەكەشدا جێگری‌ سەرۆكی‌ پارتییە، هەرچی‌ مەسرور بارزانییە، راوێژكاری‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشەو ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ ئەو حیزبەیە، هەریەك لەمانە رۆژانە لەرێی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چالاكییە زۆرو زەوەندەكانی‌ سەردان‌و پێشوازی‌ وەفدەكان بڵاودەكەنەوە.

ئەم دوو كەسایەتییە لەناو حیزبەكەیان‌و دەرەوەی‌ ئەو حیزبەش هێزو دەسەڵاتێكی‌ زۆریان هەیەو زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت باڵادەستی‌ یەكێكیان بەسەر ئەوی‌ دیكەیاندا دەربخرێت.

لەسەر ئاستی‌ میدیا نێچیرڤان بارزانی‌ خاوەندارێتی‌ كەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌ (رووداو) دەكات كە گەورەترین كەناڵی‌ كوردییە، ئەمە جگە لەهەفتەنامەو دەزگای‌ رۆشنبیری‌ دیكەش، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی‌ خاوەنی‌ كەناڵێكی‌ دیاری‌ وەك (كوردستان 24) دەكات دیسانەوە لەگەڵ هەفتەنامەو چەند ناوەندێكی‌ میدیایی‌‌و رۆشنبیری‌ دیكە.

زانكۆی‌ كوردستان هی‌ نێچیرڤان بارزانییەو زانكۆی‌ ئەمەریكی‌ لەدهۆك هی‌ مەسرور بارزانییە، نێچیرڤان بارزانی‌ "دەزگای‌ روانگەی‌" خێرخوازی‌ هەیەو مەسرور بارزانیش خاوەنی‌ "دەزگای خێرخوازی بارزانی"یە.

بۆ هەموو سێكتەرو بوارەكانی‌ دیكەش بەم شێوەیەیە، بەڵام رەنگە دیارترینیان ئاستی‌ ئەمنی‌‌و سەربازی‌ بێت، كە لەمەیاندا مەسرور بارزانی‌ باڵادەستتر دەنوێنێت، چونكە مەسرور بارزانی‌ دەسەڵاتی‌ بەسەر دەزگاكانی‌ ئاسایش‌و دژەتیرۆری‌ كوردستان‌و هێزەكانی‌ زێرەڤانی‌‌و بەشێكی‌ زۆر لەلیواكانی‌ یەكەی‌ هەشتای‌ سەر بەپارتی‌ هەیەو نێچیرڤان بارزانیش لەرێگەی‌ رەوان ئیدریس بارزانی‌ برایەوە دەسەڵاتی‌ بەسەر چەند لیوایەكی‌ پێشمەرگە هەیە.

عەبدوڵڵا حەوێز رۆژنامەنووس لەدیسكی رۆژهەڵاتی ناوەرٍاستی تۆڕی‌ "بی بی سی"‌و لێكۆڵەری دیراساتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەزانكۆی كینگس كۆلێج لەلەندەن، دەڵێت: "هەبوونی میدیاو زانكۆ‌و دەزگای جیاواز‌و كۆمپانیا‌و وەبەرهێنانی جیاواز هەمووی ئاماژەی‌ بوونی‌ باڵی جیاوازن لەناو پارتیدا".

عەبدوڵڵا حەوێز، كە بەوردی‌ چاودێری‌ ناوخۆی‌ پارتی‌ دیموكرات دەكات بە"نیقاش"ی‌ وت "هەریەك لەنێچیرڤان‌و مەسرور لەدنیابینی‌و شێوەی سیاسیەتكردنیشیدا جیاوازن، كە ئەوەش ململانێكانی‌ نێوانیان زیاتر دەكات".

ئەو توێژەرە نموونەی‌ بەوە هێنایەوە، كە دنیابینی گروپی مەسرور بارزانی‌ "نەتەوەپەرست‌و توند‌و تەقلیدین، زیاتر رێكخراوترن‌و دسپلینیان زیاترە، عەسكەرتارن‌و باوەڕیان بەزمانی زبر هەیەو لەناو ئەندامانی پارتیش زۆرینە پشتیوانیانە"، بەپێچەوانەوە دونیابینی گروپی نێچیرڤان بارزانی‌ "لیبراڵ‌و نەرم‌و نزیكن لەتوركیاو زیاتر گرنگی‌ بە بازرگانی‌ دەدەن".

وەك هەموو حیزبەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان لەكاتی‌ ئامادەبوونی‌ كەسی‌ یەكەمدا بەدەگمەن باسی‌ شوێنگرەوە دەكرێت، بۆ پارتیش بەهەمان شێوەیە، بەڵام لەدوای‌ پاشەكشەی‌ مەسعود بارزانییەوە زۆر كەس پێیان وایە جموجۆڵە ناوخۆیی‌‌و نێودەوڵەتییەكانی‌ ئەو دوو ئامۆزایە بۆ ئەوەیە وەك شوێنگرەوەی‌ "بارزانی‌ گەورە" خۆیان نمایش بكەن.

لەمانگی‌ ئۆكتۆبەری‌ رابردووەوە گرژی‌‌و پێككدادانی‌ سەربازی‌ لەنێوان پێشمەرگەو هێزەكانی‌ عێراقدا روویدا، ئەوكات رۆڵی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ زیاتر كەوتە بەرچاوان‌و لەچوارچێوەی‌ هەوڵەكانیدا بۆ كردنەوەی‌ دەرگا داخراوەكانی‌ هەرێم، چەند جارێك سەردانی‌ بەغداو وڵاتانی‌ دراوسێ‌‌و ئەوروپای‌ كرد، بەڵام ئەم جموجوڵە دیبلۆماسییانە بێ وەڵام نەبوون، مەسرور بارزانیش بەسەردانێكی‌ چاوەڕواننەكراو لە 22ی‌ شوبات سەردانی‌ ئەمریكای‌ كردو لەكۆشكی‌ سپی‌ لەگەڵ بەرپرسانی‌ ئەمریكا كۆبووەوە.

هێمن هەورامی‌ راوێژكاری‌ سیاسی‌ مەسعود بارزانی‌، جوڵە دیبلۆماسییەكانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ بە "جوڵەی‌ ئاسایی" دەزانێت‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئەوان تەنیا بۆ كرانەوەی‌ هەرێم بەڕووی‌ دنیای‌ دەرەوەدا هەوڵ دەدەن، ئەوەش دوای‌ ئەو كاردانەوە سیاسی‌‌و دیبلۆماسییەی‌ لەسەر هەرێم دوای‌ پرۆسەی‌ ریفراندۆم دروستبوو".

هێمن هەورامی‌ رەتیكردەوە، جوڵەی‌ بەرپرسەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان پەیوەندی‌ بەناوخۆی‌ پارتی‌ هەبێت‌و دەشڵێت: "ئەوان بۆ ئەوە كاردەكەن، كێشەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان چارەسەربكەن، نەك كێشە دروستبكەن، وەك ئەوەی‌ هەندێك باسی‌ دەكەن".

بەڵام كامەران مەنتك مامۆستای‌ زانكۆی‌ هەولێرو چاودێری‌ سیاسی‌ ئەو جوڵانە بەجوڵەی‌ ئاسایی نابینێت‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "كێشەو ململانێی‌ نێوان نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ كێشەیەكی‌ لەمێژینەیەو بەدرێژایی مێژووی‌ پارتی‌ بەردەوامی‌ هەبووە".

وتیشی‌ "كەمبوونەوەی‌ رۆڵی‌ بارزانی‌ لەسەر ئاستە جیاوازەكان، رێگەی‌ بۆ تووندبوونەوەی‌ ململانێكان زیاتر كردووەو ئەگەر هەیە لەداهاتووش ئەو ململانێیانە زیاتر بن، بەتایبەتی‌ ئەگەر مەسعود بارزانی‌ نەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانەكە... هەموو جوڵە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و مەسرور بارزانی‌ بۆ ئەوەیە جێگەی‌ مەسعود بارزانی‌ بگرنەوەو پەیوەندی‌ زیاتر دروستبكەن، چونكە ئەوە پاڵپشتی‌ بەهێز دەبێت بۆ ئەوەی‌ لەداهاتوو ببنە كەسی‌ یەكەمی‌ هەرێم".

تەنانەت لەبابەتی‌ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمیشدا ئەو دوو سەركردە دیارە بۆچونیان جیاواز بوو، مەسرور بارزانی‌ بەسەرسەختانە لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمدا بوو، نێچیرڤان بارزانیش خۆی‌ دوورەپەرێز گرتبوو.

عەبدوڵڵا حەوێزی‌ رۆژنامەنووس لەو بارەوە دەڵێت: "جیاوازی‌و ناكۆكیەكانیان لەبارەی ریفراندۆم بەشێوەیەك بوو كە مەسرور بەمەكینەی پشت ریفراندۆم دادەنرێت، بەڵام نێچیرڤان ئەنجامدانی ریفراندۆمی لەم كاتە پێباش نەبوو".

ئەو وتیشی‌: "دوای شكستهێنانی ریفراندۆمیش مەسرور لەگەڵ ئەوە بوو ئەگەر بەهێزیش بێت تەنیا پارتی دەسەڵاتی لەسنوورەكانی فیشخابوورو ئیبراهیم خەلیل هەبێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گفتوگۆو رێككەوتنە، بەشێوەیەك بەهاوبەش لەنێوان هەولێرو بەغدا بەڕێوەببرێن".

لەگەڵ ئەوەی‌ لەزۆربەی‌ ئاستەكاندا ململانێی‌ دوو ئامۆزا دیارە، بەڵام تائێستا هەردوولا دەستیان بەمەركەزییەتی‌ پارتییەوە گرتووەو لەتۆكمەییدا كەوتونەتە پێش حیزبەكانی‌ ترو رەنگە لەئایندەشدا بەپێچەوانەی‌ حیزبەكانی‌ دیكەوە لەسەر جۆرێك لەدابەشكردنی‌ دەسەڵات رێك بكەون كە بەرژەوەندی‌ هەردوولایان بپارێزێت.