هاوكێشەكە پێچەوانە بووەتەوە.. كەرتی وەبەرهێنان لەهەرێم لەگەشەوە بۆ پووكانەوە

کوردستان

08/03/2018‌ 1371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەرتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵدا گۆڕانكاری گەورەو پێچەوانەوە بەخۆوە دەبینێت، بەجۆرێك وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت: "ئەم كەرتە لەگەشەیەكی گەورەوە بەرەو پووكانەوە و لەناوچوون هەنگاو دەنێت".

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، كە قەیرانی دارایی و ئابووری چەند ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان كاریگەری گەورەی لەسەر هەموو كەرتەكان هەبووە، كەرتی ئابووری‌و بازرگانی لەنێویاندا كەرتی وەبەرهێنان پشكی گەورەیان لەو زیانانە بەركەوتووەو ژمارەیەكی زۆر سەرمایەدارو وەبەرهێنەر و بەڵێندەر و خاوەن كۆمپانیاكان لەمیانی ئەو چەند ساڵەدا، مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاندووە.

یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لەو بارەوە باس لەرەوشی ئێستای وەبەرهێنان‌و كاریگەری بەردەوامی دۆخی دارایی‌و ئابووری لەسەر ئەو كەرتە، هەروەها كاریگەری بودجەی ساڵی 2018ی عێراق لەسەر وەبەرهێنانی هەرێم دەكات.

یاسین مەحمود بەهۆی كارەكەیەوە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا، زۆرترین قسە و لێدوانی هەبووە لەسەر كەرتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان، ئەو تا پێش ئەوەی قەیرانی دارایی كاریگەری تەواو لەسەر كەرتەكەی بكات، بەردەوام بەگەشبینییەوە بۆ ئایندەی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان دەیڕوانی، بەڵام دیارە بەهۆی كاریگەری قەیرانەكەو زیانەكانی بەردەوامی ئەو قەیرانەوە، ئەویش ئێستا بەجۆرێكی تر باس لە كەرتی وەبەرهێنان دەكات.

یاسین مەحمود لەو بارەیەوە وتی: "رەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان بەگشتی‌و وەبەرهێنان بەتایبەتی لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا ( 2015 تا 2018 ) لە رەوشێكی ناسەقامگیردایە و ئابووری هەرێمی كوردستان شڵەژاوییەكی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی، كە چاوەڕوان نەكراوبوو، لە ئێستادا وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تەنیا ناوی ماوەو ناوەڕۆكی وەبەرهێنان پووكانەوەیەكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لەئێستاشدا هیچ پڕۆژەیەك جێبەجێناكەین هۆكارەكەی بازاڕی هەرێمی كوردستان و رەوشەكەیە كە بۆ خۆی هانی وەبەرهێنەر نادات لەناوخۆ و دەرەوە بێت پڕۆژە پێشكەش بكات بەتایبەت پڕۆژە ستراتیجییەكان".

هەروەها وتی: "ئەوەی ئێمە زیاتر پێی كاریگەرین وەك وەبەرهێنەران ئەوەیە، كە پڕۆژە تەواوبووەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو لەناوچوون دەڕوات، بەو پێیەی عێراق لەو سیاسەتانەی پیادەی دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەت دوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم هەوڵ دەدات پڕۆژەكان بووەستن، یان بیبات بۆ لای خۆی، كە لەلای خۆی تۆمار بكرێت و لە لیستەكانی ئێمەی كەرتی تایبەت یان دامودەزگاكانی حكوومەت رەش بكرێتەوە، ئەوەش حاڵەتێكی چاوەڕوان نەكراوە كە عێراق جگە لە شەڕی سیاسی شەڕێكی ئابووری سەخت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات بە پەكخستنی فڕۆكەخانەكان و داخستنی خاڵە سنوورییەكان و جێگیركردنی خەڵكانێكی نامۆ لە خاڵە سنوورییەكانی نێوان هەردوولا، ئەوەش وای كردووە، كە وەبەرهێنەر هێندە تووشی دڵەڕاوكێ‌ بووە، كە ئێستا ناوێرێت لە هەرێمی كوردستان پڕۆژە جێبەجێبكات".

یاسین مەحمود وتیشی: "وەبەرهێنان ئێستا لەهەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خاوبوونەوەی زۆر گەورەدایەو لە كەوتندایە، ئەو وەبەرهێنەرانەشی ، كە ماونەتەوە و توانای جێبەجێكردنی پڕۆژەیان هەیە روویان لە شارەكانی عێراق كردووە، عێراق باشترین وەبەرهێنەرەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ خۆی بردووە، ئێستا لە هەرێمی كوردستان هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەكان كە دروستمان كردن و جێگای شانازی بوون بۆ هەرێمی كوردستان بەرەو داخستن دەڕۆن و شەوانە هۆتێل هەیە لە شاری سلێمانی دە ژوور نادات بەكرێ‌، بەم شێوەیەش مانگانە زیانی 100 هەزار دۆلاری لێدەكەوێت لە بەرامبەردا هۆتێلەكانی بەغدا بەر ناكەون". 

وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران ئەوەشی گوت "رەوشی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لەئێستادا بەجددی پێویستی بەوە هەیە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری و ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە هەڵوەستەی جددی لەسەر بكات و دانیشتنی بەپەلەی بۆ بكات، چونكە وەبەرهێنەرانی هەرێم، كە سەرمایەی نیشتمانی هەرێم بوون، ئێستا گیرۆدەن بەدەست ئەو پڕۆژانەی كە ساڵانێكە رەنجی لەگەڵ دەدەن، ئەمڕۆ كەرتی تایبەت بە بێ‌ خاوەن ماونەتەوە".

ساڵی 2013 بەساڵی گەشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دادەنرێت و قەبارەی وەبەرهێنان لەو ساڵەدا گەیشتە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار، بە پێچەوانەوە وەك گوتەبێژەكەی وەبەرهێنەران دەڵێت: "2017 ساڵی پاشەكشەی گەورەی وەبەرهێنان‌و ساڵی رەشی وەبەرهێنەران بوو، لەو ساڵەدا وەبەرهێنان بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لەهەرێمی كوردستان كەوت. لە ساڵی 2013 دا، 730 هەزار هەلی كارمان هەبوو لەكەرتی تایبەتدا، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 90 لەسەدی هەلی كارمان لەدەستداوە".

یاسین مەحمود ئاماژەی بەوەش كرد لەدوای رزگاركردنی مووسڵ لە داعش و لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەدا، چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد ئاسانكارییان بۆ بكرێت و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پێشەوە بن بۆ بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، بەڵام بەگوتەی ئەو حكوومەتی عێراقی كێشە و لەمپەر بۆ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات لە بەشداریكردن لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و وەرگرتنی تەندەرەكانی پڕۆژەكانی شارەكەدا.

لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا و لە بارەی كاریگەری پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان، كە رۆژی شەممەی رابردوو پەسەندكرا، یاسین مەحمود باس لە دەركەوتنی كاریگەری زیاتری بودجەكە دەكات و بە نیگەرانییەوە دەڵێت "بەداخەوە ئیرادەی زۆرینە لە عێراقێكی فرەنەتەوە زاڵ بوو بەسەر ئیرادەی كەمینە، هەرچەندە فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا یەكهەڵوێست بوون لەبەرامبەر لایەنەكانی تردا، بەڵام نەیانتوانی بەرامبەر بە زۆرینە لە عێراقدا خواستەكانی هەرێمی كوردستان لە بوودجەدا جێگیر بكەن، كارەسات لە دوای پەسەندكردنی بوودجەكەوەیە، بەو بوودجەیەی پەسەند كرا مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت چاوەڕوانی مووچەكانیان بە پاشەكەوتەوە بكەن بە دوو مانگ تا سێ‌ مانگ جارێك بە هۆی كەمی ئەو رێژەیەی بۆ هەرێم دانراوە، هەروەها لەو بوودجەیەی پەسەند كراوە ئەو بەشەی بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە بوودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی تیادا نییە و بۆ چوار ساڵی داهاتووش هەرێم بە بێ‌ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەڕێدەكات".

هـ ـ ح