حكومەتێكی نیشتمانی جیاواز.. عێراق دواین دەرفەتی لەبەردەمدایە بۆ هەستانەوە

عیراق

18/08/2018‌ 973 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
عێراق لە بەردەم دووڕیانێكی مێژووییدایە، وڵات هەڵبژاردنێكی سەختی بەئەنجام گەیاندووە‌و بەهەزاران خۆپیشاندەریش بۆ داوای خزمەتگوزاری لە دەرگای بارەگا حكومییەكان دەدەن.

خۆپیشاندەرێكی بەتەمەن لەمیانی ئەو ناڕەزاییانەی شارەكانی باشوور‌و ناوەڕاستیان گرتووەتەوە لەبەردەم كامێرادا  بەوپەڕی دەنگی هاواری كرد‌و وتی: "مەسەلەكە چیتر سەبارەت بە كارەبا‌و ئاو‌و تەندروستی نییە، بەڵكو مەسەلەی نیشتمانە، نیشتمانەكەم بدەنەوە، نەوت‌و پارە بۆ دۆزەخ، بەڵام عێراقم بدەنەوە" ئەوەش یەكێكە لە دیمەنە هەستبزوێنەكانی ئەم رۆژانە‌و رەنگدانەوەی هەستی هەموو عێراقییەكانە.

عێراق لەبەردەم ئاڵنگاری سەختدایە، چونكە تائێستاش وڵات برینی شەڕەكانی لەدژی توندڕەوان ساڕێژ دەكات لەنێو شارۆچكەی وێران‌و دانیشتووانی ئاوارە‌و ئابوورییەكی پەككەوتوو لەڕووی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و قەیرانی وشكەساڵی‌و خراپی بەرٍێوەبردندا، بەڵام ئەم ئاڵنگاریانە رەنگە دەرفەتێكی مێژوویی بن لەبەردەم سیاسییەكانی عێراقدا بۆ چاككردنی بارودۆخەكە، بەتایبەتی كە هەردوو دەوڵەتی دراوسێ توركیا‌و ئێران ئێستا بە كێشە ناوخۆییەكانیانەوە سەرقاڵن.

بۆ یەكەمین جارە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا عێراقییەكان لە حاڵەتێكی دەگمەنی یەكێتی نیشتمانیدا دەژین لەدوای سەركەوتن بەسەر رێكخراوی "داعش"دا، چونكە مشتومڕە تایفییەكان‌و جنێوی نێوان سوننە‌و شیعە لەم رۆژانەدا دەنگدانەوەیان نییە، سەیریش نییە كە دانیشتووانی ئەنبار‌و بەسرە‌و موسڵ‌و زیقار‌و بەغدا‌و هەرێمی كردستان دەستەواژەكانی رێز‌و خۆشەویستی ئاڵۆگۆڕ دەكەن، خۆپیشاندانەكانی ئێستاش گەشەكردنی ئاستی هۆشیاری عێراقییەكانی ئاشكراكرد‌و كێشەكەیان وا دەستنیشان كردووە كە قەیرانی سیاسییەكانە نەك هاووڵاتیان.

پێویستە سیاسییە عێراقییەكانیش بەرلەوەی كار لەكار بترازێت گوێ بەم پەرەسەندنانە بدەن، چونكە وەك عەلی سیستانی رێبەری دەسەڵاتی ئایینی شیعە هەفتەی رابردوو لەمیانی هۆشداریدانی بە حزبە عێراقییەكان وتی ناڕەزایی گەورە بەڕێوەیە‌و گەورەتر دەبن‌و رەنگە ببنە مایەی فەوزا. پێویستە حزبە فەرمانڕەواكانیش درك بەوە بكەن‌و بڕیاری نوێ‌و بوێرانە‌و نائاسایی بۆ رزگاركردنی وڵات بدەن.

بورهان مەعموری ئەندامی هاوپەیمانی "سائیرون" كە خاوەنی پلەی یەكەمی هەڵبژاردنە، بە "نیقاش"ی وت: "وڵاتەكەمان بەقۆناغێكی مێژووییدا تێدەپەڕێت‌و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاووڵاتیاندا راست بكەنەوە‌و وەڵامی داواكارییەكانیان بدەنەوە‌و وڵات بەرەوپێشەوە ببەن".

لەوەتەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، حزبە عێراقییەكان لە حاڵەتێك لە نیگەرانیدا دەژین، بۆ یەكەمین جاریشە دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەن لەژێر گوشاری ئەو خۆپیشاندەرە توڕانەدا كە چاودێری دەرئەنجامی دانوستانەكان دەكەن، سیاسییەكان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی پشككاری هەیە لە دابەشكردنی پۆستەكاندا ئەویش لەترسی خۆپیشاندەران كە داوای چاكسازی دەكەن‌و لەوەشدا سیستانی پشتیوانیانە.

هەروەها یەكەم جاریشە هاوپەیمانی براوەی هەڵبژاردن دەستبەرداری داواكردنی پۆست‌و پلەی سەرۆك وەزیران دەبێت، چونكە هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر رێبەری هاوپەیمانی "سائیرون" چەند پێشنیارێكی بوێرانەی راگەیاند بۆ دەربازكردنی وڵات لە قەیرانەكە‌و رەزامەندی دەربڕی كە سەرۆك وەزیرانی نوێ كەسێكی سەربەخۆ بێت كە جەماوەر خۆشیان بوێت‌و وەزیرەكانی حكومەتەكەشی لە كەسانی تەكنۆكرات بن، سەدر هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە لە بارێكدا ئەگەر حزبەكانی دیكە رەزامەندی لەسەر ئەو مەرجانە دەرنەبڕن ئەوا هەرچەندە براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام بوونە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت‌و دەچێتە پاڵ خۆپیشاندانەكان.

عەلی سیستانی یاریزانە كاریگەرەكەی دیكەی وڵاتیش داوای كرد سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز هەڵبژێردرێت كە بوێر بێت لە دژایەتیكردنی گەندەڵی‌و ئەندامانی حكومەتیش تەكنۆكرات بن، پشتیوانی خۆیشی بۆ بەردەوامبوونی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان دەربڕی بۆ هێشتنەوەی گوشار لەسەر سیاسییەكان تا داواكارییەكان جێ بەجێ دەكەن.

لەو بارەیەوە پەرلەمانتاری سوننە عەبدولقەهار سامەڕائی دەڵێت: "هاووڵاتیان بێ ئومێدبوون لە سیاسییەكان ئەو حزبانەش كە ئێستا دانوستان دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت كەوتوونەتە دۆخێكی سەختەوە بەهۆی گوشاری ناڕەزاییەكان‌و مەرجەعیەتی ئاینی لە نەجەف".

سامەڕائی بە "نیقاش"ی وت: "پێویستە بەرەو حكومەتێكی خاوەن تایبەتمەندی نوێ بچین دوور لە سەودانامەی نهێنی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، ئەمڕۆ ئەوەی گوشار دەكات بەئاڕاستەی بڕیاری ئەرێنی، هاووڵاتیان‌و مەرجەعیەتی ئاینیە لە نەجەف، لەكاتێكدا هێشتا سیاسییەكان بیر لە دووبارەكردنەوەی ئەزموونەكانی رابردوو دەكەنەوە،  تاكە چارەسەر بۆ رزگاركردنی وڵات حكومەتێكی تەكنۆكراتە كە وڵات لە گەندەڵی‌و وێرانبوون دەرباز بكات".

سەرەڕای ئەو كارەسات‌و وێرانكاریەش كە شەڕی دژ بە "داعش" دروستی كردوون، بەڵام حاڵەتێك لە یەكێتیی نیشتمانیشی لەنێو عێراقییەكاندا هێناوەتە ئاراوە‌و تائێستاش چیرۆكی یەكێتیی نیشتمانی نێوان سەربازە عێراقییەكان‌و دانیشتووانی ئەو شارانە لەنێو خۆیاندا دەگێڕنەوە كە توندڕەوان داگیریان كردبوون، ئەمڕۆش كۆكن لەسەر ئەوەی بەرپرسیارێتی هەزاران قوربانی لە سەربازان‌و دانیشتووان‌و وێرانبوونی شارەكان تەنیا لە ئەستۆی سیاسییەكاندایە.

هەژموونی ئێران‌و دەوڵەتانی دراوسێ
بۆیەكەمین جار لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا عێراق لە حاڵەتێك لە ئارامی دیپلۆماسیدا دەژی لەگەڵ ئەو دراوسێیانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر وڵاتەكەیان كردبووە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی حساباتەكانیان لەگەڵ نەیارەكانیان، چونكە دەوڵەتانی كەنداو لەسەروو هەمووشیانەوە سعودیە كە تۆمەتبار دەكرا بە ناردنی تیرۆریستان بۆ عێراق، دەروازە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ عێراق كردووەتەوە‌و ئەمڕۆ هەماهەنگییەكی زۆر لەنێوان حكومەتی عێراق‌و دەوڵەتانی كەنداو هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی پەیوەندییە هاوبەشەكانیان لەڕووی سیاسی‌و بازرگانی‌و ئابوورییەوە.

 

هەرچی سوریاشە كە دەروازەیەك بوو بۆ ناردنی تیرۆریستان بۆ عێراق لەدەیەی رابردوودا، ئەمڕۆ رۆچووەتە نێو قەیرانێكی ناوخۆیی، هاوكات توركیا‌و ئێرانیش رووبەڕووی كێشەی گەورەی ناوخۆیی بوونەتەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە.

ئەوەی جێی سەرنجە حكومەتی عێراقی ماوەتەواوبوو بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بڕیارێكی بوێرانەی دا بە پابەندبوون بەو سزایانەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانیەكانی كە بەغدا هیچ بژاردەیەكی دیكەی نەبوو، چونكە كارێكی مەترسیدارە سەركێشی بكرێت بە پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان كە تائێستاش یارمەتیدەرە لە راوەدوونانی توندڕەوان لە وڵاتەكە‌و جێبەجێكردنی بەرنامەكانی ئامادەكرن‌و پڕچەككردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

هەموو كۆمەڵی نێودەوڵەتی بە چاوی هاوسۆزی لە عێراق دەڕوانێت، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان‌و یەكێتیی ئەوروپا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵی پشتیوانیكردنی وڵاتەكە‌و بنیاتنانەوەی وێرانكارییەكانی جەنگ دەدەن، بەكرداریش پرۆژەی بچووكی پەرەپێدانیان دەستپێكردووە كە پێوێستە گەورەتر بكرێن، بەڵام چاوەڕوانی حكومەتێكی فیدراڵی نیشتمانی دەكەن كە زامنی ئەوە بكات پارەكان نەچنە گیرفانی گەندڵكاران‌و بەتوندی هەوڵی دابینكردنی خزمەتگوزاری‌و بنیاتنانی سیستمێكی ئیداری باش بدات كە داخوازی هاووڵاتیان جێبەجێ بكات.

پێویستە سیاسییەكانی عێراق درك بە قەبارەی كارەساتەكە بكەن‌و رێز لە حاڵەتی یەكێتیی نیشتمانی نێوان عێراقییەكان بگرن‌و پشتیوانی نێودەوڵەتی بەكاربهێنن بۆ كاركردن لەسەر دەركردنی بڕیاری نیشتمانی یەكلاكەرەوە كە بەرژەوەندی نیشتمانی لەبەرچاو بگرێت، هەروەها كار بۆ تێپەڕاندنی هەڵەكانی رابردووش بكەن، ئەمە دوا دەرفەتە بۆ هەستانەوەی عێراق یاخود سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ هەرەس، ئەم جارە ئەنجامەكان پێشبینی نەكراون.

دووشەممەی رابردوو پەرلەمانتار مشعان جبوری لە لاپەڕەی خۆی لە "تویتەر" نووسیبووی: "پێشهاتەكان گەیشتوونەتە ئەوەی خۆپیشاندانێك لە باشووری عێراقی (شیعە) بێتە دەرەوە‌و ستایشی سەدام حسێن سەرۆكی پێشو‌و ماوەی فەرمانڕەواییەكەی بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە كار گەیشتووەتە حاڵەتێك لە شكست‌و خراپی كە پێویستی بە گۆڕینی تەواوی رێساكانی پرۆسەی سیاسی هەیە، ئەگەرنا هەمووان لە مەترسیدا دەبن".