كەیسی خاشقچی ئاستەنگی بۆ پلانی ئەمریكا لەدژی ئێران دروست كردووە

جیهان

18/10/2018‌ 1562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆمەتباركردنی سعودیە بەهۆی كەیسی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، ستراتیژی ئەمریكای رووبەڕووی مەترسی كردووەتەوە، كە پلانی سزای توندی داڕشتووە بەسەر ئێراندا لەسەرەتای مانگی داهاتوودا.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لەرۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، حكومەتەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەهاریكاری نزیكدایە لەگەڵ سعودیە لە پلانی تەنگەتاوكردنی ئێران، نیگەرانی جددی هەیە لەبارەی بوونی حكومەتی سعودیە لە خاڵی هەستیاری رووداوی رۆژنامەنووسی سعودی، جەمال خاشقچی. 

لەرۆژنامەی نیویۆرك تایمزدا، كە یەكێكە لە رۆژنامە دیارەكانی ئەمریكا، وتارێكی دەیڤید ئی. سانگر بڵاوكراوەتەوە لەژێرناوی "دۆسیەی رۆژنامەنووسی ونبوو، دەتوانێت بەر بەپلانی ترەمپ بگرێت بۆ تەنگەتاوكردنی ئێران". 

لەو وتارەدا باس لەو كێشانە كراوە، كە لەناو حكومەتەكەی ترامپ سەریهەڵداوە بەهۆی ئەوەی هەمووان پەنچە بۆ سعودیە رادەكێشن لە بانگەشەكانی كوژرانی خاشقچیدا.

كاتێكی خراپ بۆ گەمارۆدانی ئێران
لەوتارەكەدا پشت بە زانیاری چەند بەرپرسێكی كۆشكی سپی بەستراوە، كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، بەرپرسەكان باسیان لەوە كردووە لەكاتێكدا حكومەتەكەی ترامپ بیر لە گرتنەبەری رێوشوێنی توند دەكاتەوە بۆ تەواو راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران لە 5ی تشرینی دووەمدا، ئەگەر سعودیە بكەری سەرەكی بێت لە رووداوی كوشتنی خاشقچیدا ئەوە بۆ خۆیان كاتێكی هەڵەیە.

بەپێی وتارەكە، باس لەوە كراوە حكومەتەكەی ترامپ متمانەی بە حكومەتی سعودیە هەیە بەو ئامانجەی ستراتیجی گەمارۆی گشتگیری ئەمریكا كە دژ بە ئێران پلانی بۆ داناوە بەكەڵك بێت دوای ئەوەی رێگری كرد لەفرۆشتنی نەوتی ئێران بەبێ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕی جیهاندا، هەروەها بۆ ئەوەی كار لەسەر سیاسەتێكی نوێ بكات، كە لە كەنداو ئێران تەنگەتاو بكەن.

لەوتارەكەدا باس لەوەش كراوە ئەگەر ئەو پلانەی دژ بە ئێران داڕێژراوە جێبەجێبكرێت، چاوەڕوان دەكرێت زیادبوونێكی جددی لەداهاتی نەوتی سعودییەكان رووبدات، بەڵام لە ئێستادا كۆنگرێسی ئەمریكا بەهۆی كوشتنی خاشقچیەوە گفتوگۆی لەسەر بەسزا گەیاندنی شانشینی سعودیە كردووە، لەبەرئەوە سەردانی بەپەلەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ بۆ سعودیە لەو رووەوە واتادارە.

دژیەكیی هاوپەیمانی بێ پەروا، سعودیە
لەوتارەكەدا كاربەدەستانی كۆشكی سپی ئاماژەیان بەوەكردووە لە كاتێكدا سعودیە دیمەنی هاوپەیمانێكی بێ پەروا لەرێگەی رابەرایەتیی هەڵمەتێكی سەربازیی تۆقێنەر لە یەمەن و تا ئێستا بەرپرسیاربوونی لە كەیسی بێ سەروشوینبوونی جەمال خاشقچی، دەكات بەڵام سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ و وەزیری دەرەوە، مایك پۆمپیۆ هەوڵی ئەوە دەدەن ئێران وەك "ستەمكار"ی ناوچەكە نیشانبدەن و ئەمەش خۆی لەخۆیدا دژیەكییە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە، هیچارد هاس، كە لەگەڵ زۆرێك لە سەرۆكە كۆماریخوازەكانی ئەمریكادا كاریكردووە، رایگەیاند: "ئەوەی كە سزا بەسەر وڵاتێكدا بسەپێنیت و هاوكات بتوانیت پێكەوە كاربكەیت لەگەڵیدا، پێویستی بە دۆخێكی تایبەتە. لەكاتێكدا كە سعوودییەكان بۆردوومانی منداڵان لە یەمەن دەكەن و كاری خراپ بەرامبەر نەیار و رۆژنامەوانان ئەنجامدەدەن، چڕكردنەوەی تواناكان لەسەر هەڵسوكەوتەكانی ئێران، هیچ ئاسان نییە".

ئاماژە بەوەشكراوە زۆر كار هەیە كە سعوودیە ئەنجامیداون و ئەگەر بێت و لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامبدرێن ئەوا ناتوانرێت قبووڵ بكرێن. ترەمپ كە هەموو توانای خۆی لەسەر ئێران چڕكردووەتەوە و دەیەوێت لەو هەڵسوكەوتانەی سعوودیە خۆشبێت، لەلایەن زۆرێك لە ئەندامانی كۆنگرێس و گرووپەكانی مافی مرۆڤەوە بە گونجاو نازانرێت.

ستراتیژی ئەمریكا سەبارەت بە ئێران لە مەترسیدایە
هەروەها لە وتارەكەدا باس لەوەشكراوە كە دیارنەمانی خاشقچی دوای ئەوەی بەمەبەستی وەرگرتنی ژمارەیەك دۆكیومێنتی تایبەت بە هاوسەرگیریی سەردانی كۆنسوڵخانەی سعوودیەی لە ئیستانبوڵ كرد، ئاستی گرژییەكانی لە پەیوەندییەكانی نێوان سعوودیە لەگەڵ هەریەك لە توركیا و ئەمریكا بەرزكردووەتەوە و كۆشكی سپی لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو زیانانە بخەمڵێنێت كە كەیسی خاشقچی لەسەر ستراتیژەكانی ئەمریكا كە واشنتۆن بە نیازە لە دژی ئێران بیانخاتە واری جێبەجێكردنەوە.

لە وتارەكەدا هاتووە: "ئیدارەی ترەمپ چاوەڕوانی ئەوە بوو لە پێنجی تشرینی دووەمدا رایبگەیەنێت سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی لە هەریەك لە بوارەكانی بازرگانییكردنی نەوت و رەوانەكردنی پارە لەرێگەی دۆلارەوە بۆ ئێران، پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بە پرۆژەكان و ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەو وڵاتە و لە زۆر سێكتیەری دیكەدا لەگەڵ حكوومەتی تاران كاردەكەن، كاركردنیان لەگەڵ ئەمریكادا قەدەغەبكرێت. لە رێگای ئەم سزایانەوە ئەمریكا و سعوودییەكان هەوڵیاندا بە پێكهێنانی بەرەیەك هۆكاری هەموو ناسەقامگیرییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنە ئەستۆی ئێران".

لەوتارەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە بەرپرسان دانیان بەوە داناوە كە بێ سەروشوێنبوونی خاشقچی لە كۆنسوڵگەری سعوودیە لە ئیستانبوڵ مەترسی لەسەر ئەو تێزانە دروستكردووە كە لەبارەی ئێرانەوە ئامادە كراون. جەختیشیان لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە بەر لەوەی مەترسی زیاتر بكەوێتە سەر ئەو ستراتیژیەی لەبارەی ئێران لەلایەن ترەمپ و دامودەزگا سعوودییەكانەوە پلانی بۆ داندراوە پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی متمانەپێكراو لەبارەی چارەنووسی خاشقچییەوە بكرێت و ئەنجامەكەی زوو رابگەیەندرێت.

ئیدارەی ئەمریكا و سعودیە دەیانەوێت رۆژەڤ بگۆڕن 
شارەزایانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاماژە بەوە دەدەن، كە ئامانجی ترەمپ و سعودییەكان روونە و دەڵێن: "لابردنی مانشێتی رۆژنامەكان لەبارەی رۆڵی سعودیە لە بێ سەروشوێنبوونی خاشقچی دیسانەوە چڕكردنەوەی سەرنجە بۆ سەر ئێران".

سەرۆكی ناوەندی كڕاون بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی براندەیس كە راوێژكاری كۆشكی سپی بووە لە سەردەمی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا باراك ئۆباما لەبارەی چەكی ناووكی، گاری سامۆری رایگەیاندووە: "ئەوان (ترەمپ) حەزێكی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بە هێنانی چیرۆكێكی نوێ باری سەرنج لە رووداوی (خاشقچی) لابەرێت. ئەو هەواڵانەی باس لە فەرمانی محمەمەد بن سەلمان دەكەن لەبارەی خاشقچی بەردەوامیان پێ نادرێت. ناچارە چیرۆكێك ببینێتەوە و دان بەوە دابنێت كە ئەم بڕیارە ئەنجامی هەڵەی لێكەوتەوە یاخود ئۆپەراسۆنێكی سەرسەریانە بووە".

ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی كە هەوڵ دەدرێت لە رووداوی بێ سەروشوێنبوونی خاشقچی ناوی شازادەی جێنشهین بزڕێندرێت گوتبووی: "لەوانەیە بكوژانی سەرسەری خاشقچییان كوشتبێت"، ئەمەش لەلایەن میدیاكانی ئەمریكاوە رەخنەی لێگیرا. 

هـ ـ ح