ده‌نگ به‌ كابینه‌ی نوێ نادات.. فراكسیۆنێكی دیكه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگه‌یاند

کوردستان

13/11/2018‌ 2530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حزبی شیوعی كوردستان بڕیاریدا فراكسیۆنه‌كه‌ی له‌په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن بۆ چوارساڵی داهاتوو ڕۆڵ ببینێت.

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا‌و تیایدا بڕیاریدا، "بەشداری كابینەی تازەی نەكات و دەنگی پێنەدات، ئەمەش بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەكان". 

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی حزبی شیوعی كوردستان، "بۆ چوارساڵی داهاتوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینین و چەندین بڕیاریش درا، لە چوارچێوەی خۆئامادەكردن بۆ رۆڵبینینی كاریگەر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات ".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی

كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی : "بۆ چوارساڵی داهاتوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینین و چەندین بڕیاریش وەرگرا لە چوارچێوەی خۆئامادەكردن بۆ رۆڵبینینی كاریگەر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات ".

لە بەرواری 12ی تشرینی دووەمی 2018، كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆیەكی چڕو پڕی بە گیانێكی شۆرشگێرانە و هاورێیانە ئەنجامدا لە بارەی هەڵومەرج و گۆرانكاری سیاسی لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان بە پاڵپشت بە راپۆرتە ئامادەكراوەكان . 
ئەمانەی خوارەوە هەڵوێستی حزبی شیوعی كوردستانە : 

لە بارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراقدا ئەوەی لەم بوارەدا رووبەڕووی حیزبمان دەبێتەوە جەختكردنە لەسەر ئەوەی كە ئەو حكومەتانەی لە سەر بنەمای بەشبەشێنە و مەرجەكانی مەرجعیەتی ئاینی و دەستێوەردانی ئێران و ئەمریكا پێكدەهێنرێت، توانای چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و دابینكردنی سادەترین پێداویستەكانی ژیانی پڕ كەرامەت بۆ خەڵكی زەحمەتكیش نییە. 

لە هەمان كاتدا كێشەی عێراق قەیرانی بنیات و هیكەلیەتی دەوڵەتە و كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە بازنەیەكی داخراودا دەسووڕێتەوە، و پرسیاری گەورەش پەیوەندی بە شوناسی ئەم دەوڵەتە هەیە كە هاوكاتە كە لەگەڵ بنبەستی ئەو پرۆسە سیاسییەی كە لە 2003ـوە دوای رووخاندنی رژیمی فاشی بەعس دەستیپێكردوە و دوای زیاتر لە 15 ساڵ، عێراق نەبووەتە دیموكراسی و نە فیدراڵییەتی حەقیقی جێبەجێكراوە، ئەمە جگە لەوەی لەرەوتی دەوڵەتی مەدەنیش لایداوە. 

لەبارەی وەزعی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ناكۆكی نێوان ئێران و ئەمریكا بەردەوامە و چاوەڕی دەكرێ لە داهاتوودا گوشاری ئابووری لەسەر ئێران و سزاكان زیادبكرێت كە پێمانوایە لێكەوتی خراپی لەسەر ژیانی كرێكاران و هاووڵاتیانی دانیشتووی ئێران دەبێت. 

ئەم سزا ئابوورییانەی ئێستا هەڵبەتە قورسترە لەوانەی پێشووتر و نرخی تومەنی ئێجگار دابەزیەوە بەڵام لە بواری سیاسی هەموو ئەگەرێك لە ئارادایە بە ئەگەری سازشبوونی ئێران و ئەمەریكا. 

حكومەتی ئۆردوگان قەشە ئەمەریكیەكەی ئازاد كرد، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا لە حاڵەتێكی باشدا نییە. هەندێ گۆڕانكاری لەسەر نرخی لیرە دەبێت، بەڵام وەكو جاران توانای خۆی بدەس ناهێنێتەوە. ئۆردگان قەیرانە ناوخۆییەكانی ئاراستەی دەرەوە دەكات. مەسەلی كورد لە توركی لە جێگای چارەسەركردن زیندان و گرتوخانەكان لە توركیا پڕ بوونە لە خەڵك. 

هەرەشەكانی ئۆردۆگان بۆ كوردانی رۆژئاوا بەردەوامە و ئەمەریكا بوونی خۆی لە رۆژهەڵاتی فورات سەقامگیر كردوە و بە وێستگەیەكی چارەنوسازی خۆی دادەنێت بۆ ئەوەی بەشداری لە سەر چارەسەری سیاسی وەزعی سوریا بێت.

ناكۆكی نێوان توركیا و پەیەدە زیادیكردوە. توركیا هەرەشە لە رۆژهەڵاتی فورات دەكات. تا ئێستاش ئەمریكا و روسیا نەگەیشتونەتە رێكەوتنێك سەبارەت بەم ناوچەیە. پەیەدە بە هۆی هەڕەشەی توركیا شاڵاوی سەربازی لە دیرالزور ڕاگرت.، هاوكات كۆمیتەی ناوەندی حزب ، بەهەستیارییەوە دەڕوانێتە گۆڕانكاریی لە دۆسیەكانی بەرژەوەندی ئەمریكا لەناوچەكەداو یەكێك لەنیشانەكانی ئەم گۆڕانكارییانەش ، چاوپۆشیە لەدەستێوەردان‌و تۆپبارانی توركیایە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و هەورەها بریاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە بەدانانی بەخششی پارە بۆ سیخوڕیكردن لەسەر سەركردەكانی پەكەكەیە واتای ئەوەیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا جیاوازی ناكات لە نێوان تێكۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی لەگەڵ كاری تیرۆری ئیسلامی سیاسی توندرەو، كۆمیتەی ناوەندی بەتوندی ئیدانەی ئەو سیاسەتەی ئەمریكا دەكات .

لە بارەی بارودۆخی سیاسی و هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستاندا سەبارت بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دوای دواكەواتێكی زۆر كە بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی هەڵبژاردنە، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، ئەنجامە گشتییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، و ئەمەی خوارەوە هەڵوێستی حزبی شیوعی كوردستانە: 

حزبی شیوعی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا یەك كورسی بەدەستهێناوە. هەڵبەتە ئەم دەرئەنجامەش بە بەراوردكردن لەگەڵ تێكۆشانی شیوعییەكان و قوربانیدانیان، ئێجگار كەمە. 

لێرەدا سەرەڕای هۆكاری بابەتی پەیوەست بە توانا و یەكسانی فرسەتەكان لەنێو كۆمەڵدا و ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە كە تێكرای ئەم حاڵەتانە ڕێگرە لە بەردەم كاراكردنی وزە و توانای حزبمان، هۆكاری سەرەكی كەمی دەنگەكانمان بۆ كەمەكوڕی خودی كارو چالاكی حیزبیمان و ئەدای سەركردایەتی و پەیوەندی رۆژانەی بە جەماوەر دەگەڕێتەوە. 

بۆیە یەكەمین كار كە وەكو ئەركێك رووبەرووی حیزب دەبێتەوە كاراكردنی چالاكی حیزبی و سەرجەم ئۆرگانەكانی حیزبە و چارەسەركردنی كەموكورییەكانی ژیانی حیزبیمانە، و گەیاندنی روون و راستەوخۆی گوتاری سیاسی حیزبە و لەو بارەیەشەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا . 

لیستی ئازادی لەم هەڵبژاردنە یەك كورسی بەدەستهێناوە و ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی ئەندام و رێكخراوەكانی حیزب و سەرجەم كاندیدەكانی لیستەكەیە كە بە كۆ، و بەگیانی لە خۆبردووییان توانرا ئەم كورسییە مسۆگەر بكرێ. 

لە هەمان كاتدا دۆست و لایەنگرانی حیزب و چەندین لایەن و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەم هەڵبژاردنە پشتگیری لیستی ئازادی بوون. حیزبمان سوپاسی ئەو دەنگانە دەكات كە بوونە هۆی بوونی لیستی ئازادی لە پەرلەماندا. هەر بۆیە پەرلەمانتاری لیستی ئازادی لە پەرلەماندا دەنگی ڕەسن و ڕاستەقینەی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان، دەنگی هێزە چەپەكانی كوردستان دەبێت، و حیزب تێكۆشانی پەرلەمانی بە تێكۆشانی جەماوەری و تێكۆشانی شەقام گرێ دەدات، و سەرجەم هەڵوێستە سیاسییەكانی لە چوارچێوەی ئیلتزامكردن بە بەرنامەی لیستی ئازادییەوە دەبێت. 

پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هەلبژاردن و لە كاتی پرۆسەكەشدا كۆمەلێك پێشلكاری گەورە ڕوویان دا كە سەرجەمیان پیشێلكردنی دیموكراسییە و بەشێكە لەو گزی و تەزویرە كە بەداخەوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ئەنجام دەدرێن. هەر لەسەرەتاوە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە سەر بنەمای بەشبەشێنە حزبی نێوان پێنچ لایەنی حیزبی دابەشكرا، و خولیای حزبی لەسەرجەم كارەكان و هەڵوێست و بریارەرەكانی رەنگی دایەوە. هەرچەندە كۆمیسیۆن دەنگەكانی 98 بنكەی دەنگدان كە دەگاتە 119 هەزار دەنگ پووچەڵكردەوە، بەڵام دیاردەكانی تزویر كە پێشوەخت ئامادەكاری بۆ كرابوو، دیاردەیەكی زەقی ئەم هەڵبژاردنە بوو، و لە كۆتاییشدا ئەنجومەنی كۆمسیاران بە زۆربەی پێنج بەرامبەر چوار دەنگ ئەنجامەكانیان ڕاگەیاند .

بۆ چوارساڵی داهاتووی كارمان ، كۆمیتەی ناوەندی بریاری دا بەشداری كابینەی تازەی نەكاتن و دەنگی پێ‌ نەدات بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیرەوكردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەكان، پێمان وایە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەژاری وبێكاری و بەشداری سیاسی و چین و توێژە پەراوێزخراوەكانی نابێت. بەشدارینەكردن لە حكومەتی هەرێم مانای ئەوەیە كە خۆمان وەك حزبێكی بەرهەڵستكار ڕادەگەیەنین، بەڵام بەرهەڵستكارێك لە روانگەی بەرنامەیەكی چەپی نیشتمانی دیمەكراتیخواز . حزبمان تێكۆشانی پەرلەمانی وەك ئامرازێك بەكاردەهێنێت بۆ جەختكردنەوە لەسەر هەڵویستی خۆی سەبارەت بە داكۆكیكردن لە مەسەلە نیشتمانییەكوردستانییەكان، و مەسەلەی داواكاری ڕەوای جەماوەر لە دابینكردنی بژێوییەكی پڕ كەرامەت، دەكاتەوە، و سەرلەنوێ جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ دژایەتیكردنی سیاسەتی ئابوری، و ئاراستەی بەتایبەتكردنی چالاكی ئابوری دەكاتەوە، لە هۆڵی پەرلەماندا دژ و بەو جۆرە سیاسەتانە دەبێت كە خزمەتی بۆرژوای بیروكرات و مشەخۆر دەكات . 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەندین بڕیاری پێویست بۆ چاككردنی دۆخی ناوەخۆیی و حزب وەرگیرا لە ئاستە جیاجاكانی ژیانی حزبی لە بەستنی كۆنفرانسی تایبەت و هەڵبژاردنەوە و گۆرانكاریكردن لە دەستە باڵاكانی حزبی لە چوار چێوەی خۆ ئامادەكردن بۆ رۆڵبینینی كاریگەر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی چەپی دیموكرات . 

كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان 
12ی تشرینی دووەمی 2018


ڕ. ج