دڵشاد عەبدولرەحمان دوای گەڕانەوەی كرایە ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی

کوردستان

14/11/2018‌ 6773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دڵشاد عەبدولرەحمان، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییە گشتییەكانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری دوای ئەوەی گەڕایەوە ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان وەكو راوێژكاری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە دەستنیشانكرا.

نوسینگەی راگەیاندنی كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول پێشوازی لە دڵشاد عەبدوڵرەحمان كردووە بەبۆنەی گەڕانەوەی بۆ ناو ڕیزەكانی یەكێتی.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە دیدارەكەدا دڵشاد عەبدوڵڕەحمان وەك ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی دەستنیشانكراوە.

28ی مانگی تەمووزی ئەمساڵ دڵشاد عەبدولرەحمان، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییە گشتییەكانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لەنامەیەكدا دەست لەكاركێشانەوەی لە هاوپەیمانی راگەیاند.

دڵشاد عەبدولرەحمان لە نامەیەكیدا نوسیبووی، "گەیشتمە ئەوقەناعەتەی ئەو ئامانجەی ئێمە هاوپەیمانیمان وەك قەوارەیەكی هەڵبژاردن بۆدروست كرد لەڕێگای ئەم هاوپەیمانیەوە نایەتەدی".

راشیگەیاندبوو، بەردەوامبوونی ئەم هاوپەیمانیەش و بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان، تەنها ژمارەیەكی تری بێكاریگەر دەخاتە سەر لیستی هێزەكان و پەرتەوازەیی هێزە سیاسیەكانی كوردستانیش زیاتردەكات بەتایبەتی "لەزۆنی سەوز".

دڵشاد عەبدولرەحمان، پێشر وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە، هاوكات یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری.
ه.م