وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانكاری لەرەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە نەكردووە

عیراق

19/12/2018‌ 793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لیژنەكەی وەزارەتی دارایی عێراق گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی لەرەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق نەكردووە.

هۆشیار عەبدوڵڵا دەشڵێت: بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق، كە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە هیچ گۆڕانكارییەكی لە نرخی نەوت و رێژەی فرۆشتنی نەوت و نرخی دینار بەرانبەر دۆلار نەكردووە ، بە شیوەیەك نرخی یەك بەرمیل نەوتی بە (٥٦) دۆلار هێشتووەتەوە ، هەروەها ریژەی فرۆشتنی رۆژانەی نەوتی خاویشی بە (۳۸۸٠٠٠٠) سێ ملێۆن و هەشت سەد و هەشتا هەزار بەرمیل هێشتووەتەوە بێگومان لەو نسبەتە (۲٥٠٠٠٠) دوسەدو پەنجا هەزاری دەبێت هی هەرێم بێت .

هەروەها نرخی یەك دۆلاریشی بەرامبەر (۱۱۸۲) دینار وەك لە رەشنوسی پێشودا هاتبو هێشتووەتەوە، كە نووسراوەكە باس لە ئیمكانیەتی تەعدیلی هەندێ مادە دەكات و هەندێ تەعدیلی پێشنیاركردووە تایبەت بە هەرێم بە تایبەت مادەی دەی موازەنە برگەكانی ئەلف و با و جیم ، جارێ دیار نییە ناوەرۆكی تەعدیلەكە چییە و چی نییە، بەڵام مادەی دە تایبەتە بە شایستەكانی هەرێم بە پێشمەرگەشەوە .

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەڵێت: نووسراوەكە پێشنیار و ئیمكانیاتی زیاد و كەمكردنی هەندێك لە نەفەقاتی كردووە بێ ئەوەی لە نسبەتی كورتهێنانی پلان بۆدارێژراو زیاد بكات .

نووسراوەكە ئاراستەی سەرۆك وەزیران كراوە بۆ ئەوەی پەسەندی ئەو پێشنیار یا سینارێۆیانە بكات و پاشان رەشنوسەكە بنێریتەوە بۆ پەرلەمان ، كە بەقسەی پەرلەمانتارەكە ئەگەرچی رەشنوسەكە هێشتا لە ئەنجومەنی وەزیرانە و نەهاتۆتە پەرلەمان بەڵام بە گویرەی ئەم نوسراوەی وەزارەتی دارایی بێت گۆڕانێكی ئەوتۆ رو نادات لە حاڵەتێكی لەو شیوەیەش ئاسان تێناپەرێ لە پەرلەمان .

هەر بەقسەی پەرلەمانتارەكە لە سەر ڕەشنوسە كۆنەكە كە ئەم تازەیەش لەوە ناچێ هیچی ئەوتۆی تیا گۆڕابێت ، هەم شیعە هەم سوننە هەم كورد دژی بون ،لەوە ناچێ ئەو تەعدیلانە چارەسەری كێشەی هیچ لایەكی كردبێت .

هۆشیار عەبدوڵڵا باسی لەوەش كردووە، كە بۆ هەرێم مەسەلەی رادەستكردنی دوسەدوپەنجا هەزار بەرمیلی رۆژانە بە سۆمۆ ئەساسی رێكەوتنەكەیە و ئەگەر هەرێم ئیلتیزام نەكات موازەنە هیچی تیا سەوز نابێت ، دوای كێشەی تەواو نەبونی كابینەكەی ، موازنە دەبێتە دوەم تاقیكردنەوەی قورس بۆ كابینەكەی عادل عەبدولمهدی كە بە دیدی من قورسە سەركەوتو لێیدەربچێت .

هـ ـ ح