پاکستان به‌په‌یامى ئاگرینه‌وه‌ هاته‌سه‌رخه‌ت‌و هۆشداریى توند ده‌داته‌ ئێران

جیهان

56 خولەک پێش ئێستا‌ 2492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەرەسەندنێکی کتوپڕو قورسی جیوپۆلیتیکیدا لەناوچەکە، ئەحمەد شەریف چەودری وتەبێژی سوپای پاکستان بەفەرمی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ بەرگریکردن لەسەروەریی خاکی سعودیە درێغی لەهیچ جۆرە پاڵپشتییەکی سەربازیی‌و دیپلۆماسی ناکات.


ئەم لێدوانە ڕاستەوخۆیانەی دامەزراوەی سەربازیی پاکستان پاش ئەوەدێت کە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر شادەماری ئابوریی ڕیاز، بەتەواوی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەی پەکخستوە.

وتەبێژی سوپای پاکستان جەختیکردەوە، هێزەکانیان بۆ دابینکردنی ئاسایشی تەواوی مەککەو مەدینە وەک دوو شوێنی پیرۆز، تا هەر ئاستێک کە پێویست بێت پێشڕەوی دەکەن.

هاوکات لەگەڵ لێدوانی سوپادا، خواجە ئاسیف وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمدواییەی حوسییەکان بۆسەر هێڵی بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواو بەندەری ستراتیژیی "یەنبەع"، ئیتر کاتی ئەوەهاتوە ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لەمانگی ئابدا لەنێوان پاکستان، سعودیەو تورکیادا واژۆکرا، بچێتە بواری جێبەجێکردنی کردارییەوە؛ به‌گوێره‌ى ئەو ڕێککەوتنەش، هێرشکردنەسەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆسەر سەرجەمیان ئەژماردەکرێت.

وەزیری بەرگریی پاکستان ئاشکرایکرد، ئیسلامئاباد بەهۆی مەترسییەکانی هاوکێشە ئەمنییەکەوە، پەیامێکی کتوپڕو ناڕاستەوخۆی لەلایەن سعودیەوە گەیاندوەتە تاران؛ ئاسیف ئاماژەی بەوەشدا، پێناچێت ئێران لەمکاتەدا بیەوێت بەرەیەکی نوێی جەنگ لەناوچەکەدا بکاتەوە، چونکە خۆی لەناوەڕاستی ململانێیەکی قورسدایە، بەڵام جەختیکردەوە کە پاکستان پابەندە بەبەرگریکردن لەسعودیە تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتننامەی فەرمیش لەنێوانیاندا نەبێت‌و هاوکات بەردەوامدەبن لەهەوڵەکانیان بۆ ڕێگریگرتن لەبەرفراوانبونی شەڕ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم کێشە ئەمنییە نێودەوڵەتییە لەکاتێکدادێت کە سعودیە حوسییەکانی تۆمەتبارکردوە بەئەنجامدانی هێرش بۆسەر مەککە، ئەمەش کاردانەوەی توندی لەجیهانی ئیسلامیدا دروستکردوە؛ لەبەرامبەردا حوسییەکان ئەو تۆمەتانە بەتەواوی ڕەتدەکەنەوەو ڕایدەگەیەنن کە هێرشەکانی ئەوان تەنها وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆسەر ئەو پەلامارە ئاسمانییانەی کە هێزەکانی سعودیە دەیکەنەسەر پێگە جیاوازەکانیان لەیەمەندا.