زانیاری ورد لەسەر هەبوونی سەربازانی ئەمریكا لەوڵاتانی جیهاندا

کوردستان

20/12/2018‌ 6325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قسەیەكی باو هەیە هی ئەو سیاسییانەیە كە نەیاری سیاسەتی ئەمریكان وتوویانە: سوپای ئەمریكا وەكو شێرپەنجە وایە، بچێتە لەشی هەر وڵاتێكەوە زۆر بە ئەستەم دەچێتە دەرەوە یان هەر دەرناچێ.

ئەگەر قسەی ئەو نەیارانەی سیاسەتی ئەمریكا بكەینە پێوەر، ئەوا دەر دەكەوێ ئێستا ١٧٧ وڵاتی جیهان "شێرپەنجەی سوپای ئەمریكا چووەتە لەشیانەوە و چاوەڕێ ناكرێ بەم نزیكانە لەو نەخۆشییە رزگاریان بێت.

سوپای ئەمریكا لە هەموو جیهان
ئێستا كەم وڵات هەیە سەربازانی سوپای ئەمریكا لە خاكەكەیاندا بارگەی نەخستبێ، لە مێژووی هەشتا ساڵی رابردووشدا زۆر وڵات هەن زەبری ئەو سوپا زەبەلاحەیان بەر كەوتووە. 

سوپای ئەمریكا بە گەورەترین و زەبەلاحترین سوپا دادەنرێ لە تەواوی جیهاندا،بە ملیۆن و نیوێك سەرباز و خەرجییەكی ساڵانەی ٦٠٠ ملیار دۆلارییەوە هیچ سوپایەك نییە شان بدات لە شانی بۆ دەوڵەمەندی و سەربازی زۆر.

ئەم سوپایە لەوەتەی دامەزراوە لە ساڵی ١٧٧٥ ەوە كە ئەمریكای لەژێر ركێفی بەریتانییەكان دەرهێنا. تائێستا لە چەندین شەڕی گەورە و مامناوەند و بچووكدا بەشداری كردووە. لەوانە:

جەنگی دووەمی جیهانی، شەڕی ڤێتنام، جەنگی نیوەدوورگەی كۆریا، جەنگی دووەمی كەنداو و رزگاركردنی كوەیت، شەڕی كۆزۆڤۆ، شەڕی ئەفغانستان دژی تاڵیبان، پرۆسەی ئازادكردنی عێراق. لەگەڵ چەندین جەنگ و دەستتێوەردانی دیكە لە وڵاتانی جیهاندا.

سەرۆكی وڵات، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكایە و بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی، سیاسەتی وڵات لەڕێی سوپاوە جێبەجێ دەكەن.
بەپێی دوایین ئامار كە مانگی تەموزی ٢٠١٨ لەسەر زاری (جۆزێف دانفۆر) سەرۆكی لیژنەی سەرۆك ئەركانەكانی سوپای ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، ئێستا لە ١٧٧ وڵاتی جیهان، سوپای ئەمریكا بنكە و دامەزراوەیە هەیە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەرباز لەو بنكانەدا جێگیركراون.

ئەو وڵاتانەی كە سەربازانی ئەمریكای لێن
ئەڵمانیا ٧٠ هەزار سەرباز، ژاپۆن ٤٧ هەزار سەرباز،ئیتالیا ١٢ هەزار سەرباز، بەریتانیا ١١ هەزار، هەروەها پێنج هەزار سەرباز لە وڵاتانی بەلجیكا و لۆكسەمبۆرگ.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە وڵاتانی میسر، ئیسرائیل، عێراق، توركیا، ئوردن، كوێت، لوبنان، عومان، قەتەر، ئیمارات، بەحرێن، ئەفغانستان،

بێجگە لە بنكەی سەربازانی پیادە، لە چوار وڵاتی ئەوروپا بنكەی موشەكیی و بەرگریی دژە هەوایی دامەزراندووە لەگەڵ چەندین كەشتی فڕۆكە هەڵگر لە ناوچەكەدا.
راستە بەشی زۆری سەربازانی سوپای ئەمریكا لەناوخۆی وڵاتدان، بەڵام ئەو سەرباز و بنكانەی لە دەرەوەی وڵات جێگیر كراون، بڕێكی زۆر لە خەرجی ساڵانەیان بۆ تەرخانكراوە و باشترین چەك و تفاقی سەربازییان خراوەتە بەردەست. هەر ئەمەش وایكردووە لە ساڵی ١٩٤٧ وە كاتێ چوونەتە ناو وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆنەوە، تائیستاش نەچوونەتە دەرەوە.

سوپای ئەمریكا بەوە ناسراوە كە چوونە وڵاتێكەوە، ئەستەمە بە ئاسانیی بەجێی بهێڵن.بۆیە دەگمەنن ئەو وڵاتانەی كە سەربازانی ئەمریكا پێیان تێخستبێ چووبنە دەرەوە و بەجێیان هیشتبێ. بەڵام رێژە و ژمارەی سەرباز و كەرەستە سەربازییەكان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت.

لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩١ كاتێ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە كۆچێكی ملیۆنیی بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا هەڵاتن، سوپای ئەمریكا لە پارێزگای دهۆك یەكەم بارگەی خۆی لە هەرێمی كوردستان خست و سەركردایەتی كورد ئەمەی وەكو پاڵپشتییەكی گرنگ ناو برد.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ سوپای ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان سەربازانی خۆی بڵاوكردەوە لەو ناوچانەی كە لەژێر دەسەڵاتی پەیەدە-دا بوون. ساڵی ٢٠١٧ پنتاگۆن بڵاویكردەوە لە بەرنامەیاندا هەیە ژمارەی سەربازەكانیان لە باكووری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) زیاد بكەن.

سوپای ئەمریكا بە ژمارە
- خاوەنی ملیۆنێك و ٣٤٧ هەزار و ٣٠٠ سەربازە كە بەسەر هێزی پیادە، هێزی ئاسمانیی، هێزی دەریایی و كەناراوییەكاندا دابەشبوون.
- خەرجی ساڵانەی سوپای ئەمریكا لە ساڵی ٢٠١٧ دا گەشتووەتە ٦١٠ ملیار دۆلار.
- زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەربازی ئەمریكی لە ١٧٧ وڵاتی جیهاندا جێگیر كراون.
- - تائێستا لە حەوت شەڕی گەورە و چەندین شەڕی بجووك و ئۆپراسیۆنی سەربازیدا لە دەرەوەی ئەمریكا بەشداری كردووە.