نزیكەی 3 ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

کوردستان

27/12/2018‌ 819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و پێشبینی دەكرێت ساڵی نوێ‌ رێژەی گەشتیاران بەرزتربێتەوە.

نادر روستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە میانی ١٠ مانگی رابردوودا، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان‌و پلانیشیان وایە ساڵی داهاتوو ئەم رێژەیە زۆر بەرزتر بێتەوە.

نادر روستی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ پلانی ساڵانەی گەشتوگوزاری خستەڕوو، راشیگەیاند "كەرتی گەشتوگوزار هەموو ساڵ پلانی خۆی هەیە، ئەمساڵیش ئامادەكاری كراوە بۆ هێنانی گەشتیار لە سەری ساڵ، كۆمەڵێك كۆبوونەوە كراوە لەگەڵ كەرتی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئێمە لە شار و شارۆچكەكان، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین گەشتیار رابكێشین، لە پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە هەندێك ئاهەنگی گشتی ساز بكرێت، هەروەها لە هۆتێلەكانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەش ئاهەنگی تایبەت ساز بكرێت، ئەمانە بە بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت.

هەروەها رایگەیاند "لەگەڵ كۆمپانیا و لایەنەكان قسەمان كردووە، هەروەها لەرووی سۆشیال میدیا ماركێتینگمان كردووتەوە و پەیاممان بۆ خەڵكانی ناوخۆ و خوارووی عێراق ناردووە و ئەمەش وا دەكات زۆرترین كەس ئاگاداری بێت و پێشبینی هاتنی رێژەیەكی زۆر گەشتیار دەكەین".

سەبارەت بە ئامارەكانی ئەمساڵیش، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان روونیكردەوە، كە تا سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و زۆرترینیشیان بۆ پارێزگای هەولێر هاتوون، هەروەها ناوچەكانی سۆران لەهەولێر و سەرسەنگ لە دهۆك و سنووری پارێزگای هەڵەبجەش شوێنێكی سەرنجڕاكشێە و زۆرترین گەشتیار رووی تێدەكەن.

نادر روستی ئەوەیشی روونكردەوە، كە لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ كۆمەڵێك گرفت هەبوون‌و ساڵانی دواتر رێژەی هاتنی گەشتیار بەرزبووەوە و پێشبینی دەكەین ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش رێژە هاتنی گەشتیاران بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبێتەوە.

نادر روستی ئەوەشی راگەیاند "ساڵانی رابردوو رێگای نیوان هەولێر- پردێ داخرابوو، كێشەی فڕۆكەخانە هەبوو، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا باش نەبوو، ئەمەش هەمووی كاریگەری خراپی لەسەر هاتنی رێژەی گەشتیاران دروست كردبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ دوای نەمانی بەشێكی زۆری كێشەكان، پێشبینی هاتنی رێژەیەكی بەرچاوی گەشتیاران دەكەین".

لە ھەرێمی كوردستان نزیكی سێ ھەزار شوێنی گەشتیاری ھەیە، كە بریتین لە ھۆتێل، مۆتێل، كافتریا و رێستورانت، هەروەها زیاتر لە ١٧٠ شوێنی گەشتیاریش هەیە، دیارترینیاشیان پڕۆژەكانی تایبەت بە گەشتوگوزاری زستانەن وەك چیای كورەك، ئەزمڕ و تەلەفریكی بابلۆ لە شاری دھۆك.

جگە لەپڕۆژەكانی تایبەت بە گەشتوگوزاری زستانەی وەك چیای كورەك، ئەزمڕ و تەلەفریكی بابلۆ لەشاری دھۆك ، چەندان لووتكە و شاخ و شوێنی بەرزی سرووشتی ھەیە، كە گەشتیار دەتوانێت چێژی لێ وەربگرێت.