پاش عێراق.. 13 شاندی عەرەبی بەنهێنی سەردانی ئیسرائیل-یان كردووە

عیراق

10/01/2019‌ 518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل پاش دەنگۆی هاتنی پێنج شاندی عێراق بۆ ئیسرائیل ئاشكراكرد، ئەمجارە دەنگۆی هاتنی 13 شاندی وڵاتانی عەرەبی، كە پەیوەندی دیپلۆماسیانەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە ئاشكراكردووە.

ڕاگەیاندنەكانی ئیسرائیل لەزاری "حەسەن كەعبیە"  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەكەن، شاندە عەرەییەكان لە وڵاتانی دەوروبەری كەنداو، ئەردەن، یەمەن، مەراكیش، جەزائیر، تونس، سوریاو لوبنان بەنهێنی سەردانی ناوچە جۆراوجۆرەكانی ئیسرائیلیان كردووە و كەسانی جۆراوجۆریش لەم شاندانەدا بوون.

ئەو هەروەها وتی: ئێمە بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی‌و كەنداودا هەیەو لەگەڵ تیرۆردا پێكەوە دەجەنگین، ئاماژەی بەوەشكرد، 13 شاند لەوڵاتانی عەرەبی، كە پەیوەندی دیپلۆماسیانەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، هاتوونەتە نێو ئیسرائیلەوە.

ئەم وتانەش لەكاتێكدا دێت، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بانگەشەی سەردانی پێنج شاندی عێراقی بۆ ناوچە داگیركراوەكانی ئیسرائیلی پشتڕاست كردبووەو جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش، داوای لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد، لێكۆڵینەوە لەبارەی سەردانكردنی شاندە عێراقییەكان بۆ ناوچەكانی ئیسرائیل بكەن.

هـ ـ ح